ئەمەل سەیفەدین نووری، کاندیدی لیستی ١٩٧ی پارتی لە پارێزگای کەرکووک: دەبینە چەترێک بۆ تەواوی نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانی کەرکووک

کاندیدی ژمارە ١٦ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: کار دەکەین لە کەرکووک بۆ وەرگرتنەوەی سەرجەم ئەو مافانەی لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر لە کورد وەرگیراونەتەوە، بۆ ئەوەی ھەموو پێکھاتەکان پێکەوە بە ئاشتی و تەبایی بژین. دەشڵێ: گەڕانەوەی پارتی لای ھەموو خەڵک و پێکھاتەکان واتای گەڕانەوەی کوردە بۆ کەرکووک.

ئەمەل سەیفەدین نووری، کاندیدی ژمارە ١٦ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان بە کاندیدی بەھێز و بە گڕوتینێکی زۆرەوە خۆی بۆ ھەڵبژاردن ئامادە کردووە و ئامادەین بۆ ھەڵبژاردن، ھەموو کارێک دەکەین بۆ ئەوەی خزمەتی شاری کەرکووک بکەین و ئەو مافانەی لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر لە خەڵکی خۆمان وەرگیراوە بگەڕێندرێنەوە و جارێکی دیکە کەرکووک بگەڕێنینەوە بۆ ئاشتی، تەبایی و پێکەوەژیان وەکو ئەوەی پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر ھەبوو، چونکە ئێستە بەشێوەیەکی بەرچاو تەعریب لە کەرکووک کراوە، بۆیە پێویستە کەرکووک شاری پێکەوەژیان بێت بۆ ھەموو پێکھاتەکان و ناکرێت غەدر لە کورد بکرێت، جگە لەوەش دامەزراندن بۆ خەڵکی کەرکووک بە دادپەروەرانە بێت بەپێی سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧، ھەروەھا کار دەکەین بۆ ئەوەی ماددەی ١٤٠جێبەجێ بکرێت.
ئەمەل سەیفەدین نووری، گوتیشی: ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان لە ٢٠١٧وە لە کەرکووک نەمابووین، بۆشایەکی زۆر لە کەرکووک دروست بوو و مۆرکی کوردایەتی بە کەرکووکەوە نەمابوو، بۆیە دەمانەوێت جارێکی دیکە دەستەڵاتی کوردی بگەرێتەوە بۆ کەرکووک و ھەموو پێکھاتەکان پێکەوە لەو شارە بژین و بێ جیاوازی خزمەتی ھەموو پێکھاتەکان بکەین، ھەر بۆیە کار دەکەین بۆ ئەوەی لیستی ١٩٧ی پارتی زۆرترین دەنگ لە پارێزگای کەرکووک بەدەست بێنێت.
کاندیدی ژمارە ١٦ی لیستی ١٩٧ی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاشکراشی کرد: گومانی تێدا نییە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک مژدە بەخشە بۆ خەڵکی کەرکووک و بۆ نەیارانیش گورزێکە. بە ڕێنمایی سەرۆک بارزانی بەرنامە و سەرمەشقی کارەکانمان لەو شارە پێکەوەژیان و یەکتر قەبووڵکردنە، بۆیە بەو نەفەسە کار دەکەین ببینە چەترێک بۆ تەواوی نەتەوە و ئاین و ئاینزاکان و پێکەوە ئەو دۆخە ناھاوسەنگەی لە شار ھەیە بۆ دۆخی ئەساسی خۆی بگێڕینەوە و تەعریب ڕابگرین، چونکە ئێمە پارتی دیموکراتی کوردستانین و کەرکووک شارێکی کوردستانییە و مافی ھەموو پێکھاتەکانە بە ئارامی بژین.

ھەواڵی زیاتر