زۆری ڕێژەی بەشداریی کورد لە هەلبژاردنی پارێزگای کەرکووک مەرجی سەرکەوتنە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

زیاتر لە یەک مانگ و دە ڕۆژە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستی پێکردووە و تەنیا پێنج ڕۆژی ماوە کۆتایی بە بانگەشەی هەڵبژاردن بهێنرێت. ئەوەی بۆ کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بە تایبەتی کەرکووک جێی بایەخە، ئەوەیە زۆرترین ژمارەی دەنگدەری کورد بەشداری لە هەڵبژاردن بکات و بچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان، چونکە کورسییەکانی ئەنجوومەن ئەو کەسانە یەکلایی دەکەنەوە کە دەنگیان داوە نەک ئەوانەی بڕیاریان داوە بەشداری لە هەڵبژاردن نەکەن.

ئەوەی لەم هەڵبژاردنە بۆ گەلی کورد گرنگە ئەو پارێزگایانەن کە بەشێک یان تەواوی سنووری پارێزگاکە کەوتوونەتە سنووری مادەی سەد و چل و هەر یەک لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەلاحەدین و دیالە لەخۆ دەگرێت. ژمارەی کورسییەکانی کورد لە ئەنجوومەنەکانی ئەو پارێزگایانە تا زیاتر بێت ئەوا پێگەی کوردیش بەهێزتر پێشان دەدات.
هەندێک ڕاپرسی کە لە پارێزگاکانی تری عێراق ئەنجام دراون پێشانی دەدەن کە ڕێژەی بەشداری گشتی لەم هەڵبژاردنە هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی پێشووی عێراق نزم دەبێت و بۆیەش کورد دەتوانێت بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەشداری لە دەنگدان، پێگەی خۆی زیاتر بەهێز بکات.
وەک گریمانەیەک ئەگەر لە شوێنێک سەد هەزار دەنگدەری هەبێت و لەو دەنگدەرانەش نیوەی کورد و نیوەی تری لە نەتەوەکانی دیکە بن و ئەوانە بخوازن چوار کورسی یەکلایی بکەنەوە. ئەگەر ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەری کورد ٥٠% و هی لایەنەکانی تریش ٥٠% بێت ئەوا، دوو کورسی بۆ کورد و دوو بۆ لایەنی تر یەکلایی دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر ڕێژەی بەشداریی کورد ٥٠% و هی لایەنەکانی تر ٢٥% بی ئەوا لەو کاتەدا کورسییەکانی کورد بۆ سێ کورسی و هی لایەنەکان بۆ یەک کورسی یەکلایی دەبێتەوە.
وەک ئاشکرایە لەنێو ئەو پارێزگایانەی هەڵبژاردنیان لێ دەکرێ هەستیارترین و گرنگترین پارێزگا بۆ کورد کەرکووکە، ئەمەش لەبەر ئەوەی دووەم هەڵبژاردنە لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ لەو پارێزگا بەڕێوە دەچێت و لە لایەکی تر کورد لە دوای ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر دەسەڵاتی ئەو پارێزگایەی لەدەست داوە و یەکێک لەو ڕێکارە یاساییانەی وا دەکات جارێکی تر دەسەڵاتی کوردی باڵ بەسەر ئەو پارێزگایەدا بکێشێت و کوردستانیبوونی کەرکووک پشتڕاست بکاتەوە ئەوەیە لایەنە کوردستانییەکان بتوانن زۆرترین کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک مسۆگەر بکەن.
لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ کورد کە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە لیستی برایەتی بەشدارییان کرد زۆرینەی کورسییەکانیان مسۆگەر کرد و بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی یاسایی ئیدارەی پارێزگاکەیان بەدەستەوە گرت. لە هەڵبژاردنەکە کورد لە کۆی چل و یەک کورسی بیست و شەش کورسی بەدەست هێنابوو.
کۆی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک شازدە کورسین کە یەکێکیان بۆ کۆتایە و لەو پازدە کورسییەی دەمێنێتەوە، پێویستە کورد سەرووی نیوەی کورسییەکان بباتەوە بۆ ئەوەی هەم کوردستانیبوونی شارەکە دووپات بکاتەوە و هەم کورد بتوانێت خۆی پارێزگار هەڵبژێرێت و ئیدارەی شارەکە بەدەستەوە بگرێت.
دۆخەکە ئەوە دەخوازێت لایەنە کوردستانییەکان زۆرترین دەنگدەری کورد هان بدەن کە لە هەژدەی ئەم مانگە بەشداری لە دەنگدان بکەن و بەرزیی ڕێژەی بەشداریی کورد لە هەڵبژاردن دەتوانێت کاریگەری هەبێ بۆ سەر ئەوەی تەنانەت دەنگی لایەنەکانی تریش لە قازانجی خۆیدا یەکلایی بکاتەوە.
بەپێی سەرژمێرییەکی چەند ڕۆژی ڕابردووی زانکۆی بەغدا ڕێژەی بەشداریی هەڵبژاردن ٢١% بووە و ئەمەش نیشانی دەدات عێراقییەکان مەیلێکی زۆریان بۆ بەشداری لە دەنگدان نییە و کەمیی بەشداریی لایەنەکانی تر و زۆری بەشداریی کورد لە هەڵبژاردن دەتوانێت ژمارەی کورسییەکانی کورد بەرز بکاتەوە.
كۆی ژمارەی كورسییەكان بەپێی ژمارەی دانیشتووانی عێراق دووسەد و هەفتا و پێنج کورسییە کە دووسەد و سێ کورسی بۆ پیاوان و هەفتا و دوو کورسی بۆ ژنانە جگە لە تەرخانکردنی دە کورسی بۆ پێکهاتەکان کە بە گشتی ژمارەی کورسییەکان دەگەیەنێتە دو سەد و هەشتا و پێنج کورسی و ئەوانەش کەسانێک هەڵی دەبژێرن و یەکلایی دەکەنەوە کە بەشدارییان لە دەنگدان کردووە.
ڕۆژی چوارشەممە، یەکی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بانگەشەی هەڵبژاردن لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد. بانگەشەی هەڵبژاردن بڕیارە تا ١٥ی ئەم مانگە درێژەی هەبێت و لە بەرەبەیانی ١٦ی مانگەوە بانگەشە قەدەغە دەکرێت، ڕۆژی ١٧ مانگ دەنگدانی تایبەت و ١٨ی مانگیش دەنگدانی گشتی بەڕێوە بچێت.

ھەواڵی زیاتر