رێبەر ئەحمەد: داوا لە هەموو خاوەن پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون دەکەم پێداچوونەوە بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بکەن

وەزیری ناوخۆ رایەگەیاند، داوا لە هەموو ئەو بەڵێندەرانە دەکەم کە لەبواری نیشتەجێبوون کار دەکەن، بە ئەرکی مرۆڤایەتی خۆیان هەستن و تەنیا بیر لە قازانج و سوودی خۆیان نەکەنەوە، بەڵکو بیر لە سەلامەتی گیانی هاووڵاتییانیش بکەنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2023، لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هاوخەمی خۆمان ئاڕاستەی کەسو کاری قوربانیانی رووداوەکەی سۆران دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ ئەوانەی کە تووشی هەناسە سواری بوون و برینداربوون، لە هاووڵاتییان و هێزەکانی پۆلیس و بەرگری شارستانی و تیمەکانی تەندروستی کە بەشداربوون چالاکانە لە رزگار کردن و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.

وەزیری ناوخۆ گوتیشی: “هەڵگورد شێخ نەجیب ئاماژەی بە هەندێک خاڵکرد، من لێرەم بۆ ئەوەی پشتگیری خۆمان رابگەیەنین بۆ ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران بۆ هەموو ئەو رووداوانەی کە لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوو روویاندا و دووپات لەوە بکەینەوە، کە پەیامی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستبەجێ جێبەجێکراوە و بە خێرای لیژنەیەک پێکهێنراوە، لیژنەکە لە هەولێرەوە بەتایبەت بۆ رووداوەکە لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و تیمی بەرگری شارستانی سۆران، پێکهێنراوە، دەستکراوەدەبن لە هەموو کەموکورتییەک کە هەبووە، لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی ئەو کارەساتە و شێوازی رزگارکردنەکە، بە هەمان شێوە چۆنییەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و باڵەخانەکان لە ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران”.

لە بەشێکی دیکەی راگەیاندنەکە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هۆکاری رووداوەکانی خستەڕوو، هۆکارەکانی ئەم رووداوە مرۆڤ لێی بەرپرسە، لە هەمانکاتدا قوربانییەکانی ئەم رووداوەش هەر مرۆڤە، بۆیە من لێرەوە داوا لە هەموو ئەو بەڵێندەرانە دەکەم کە لەبواری نیشتەجێبوون کار دەکەن، بە ئەرکی مرۆڤایەتی خۆیان هەستن و تەنیا بیر لە قازانج و سوودی خۆیان نەکەنەوە، بەڵکو زیاتر بیر لە سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان بکەنەوە، هەر پڕۆژەیەکی هاوشێوە لە سۆران یا لە هەر شوێنێکی کە کرابێت پێداچوونەوەی پێدا بکرێت، لەلایەن خودی خاوەنی پڕۆژەکە، ئەگەر نا ئێمە لیژنەکانی تایبەت بە ئیدارە و پارێزگا و قایمقامیەتەکان و لیژنەکانی شارەوانی و بەرگری شارستانی دروستکراون، پێداچوونەوە بەچەندان پڕۆژە کراوە و دەکرێت.

راشیگەیاند، لە ساڵانی رابردوو کۆمەڵێک شوێنی نیشتەجێبوون دروست کراون وەکو پێویست رێنماییەکانی بەرگری شارستانی رەچاو نەکرابێت، ئەو باڵەخانەی کە رۆژی هەینی تووشی ئەو کارەساتە بوو یەکێکە لەو باڵەخانانەی کە لەساڵی 2013 دروستکراوە، بەڵام وەکو پێویست رێنماییەکانی بەرگری شارستانی تێدا جێبەجێ نەکراوە.