تـێــگـــه‌یشتن لــه‌ بڕیاره‌كانی دادگه‌ی باڵای سیاسیی عێراق

ڕاپۆرتی شیكاریی هه‌ولێر

دادگه‌ی باڵای فیدراڵیی عێراق چه‌ندان بڕیاری سیاسی داوه‌، له‌ لادانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە تا هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. ئه‌م دادگه‌یه‌ چه‌ندان جار سنوورشكێنی كردووه‌ و یاسا و ده‌ستووری پێشێل كردووه‌، ئێستا پێویستی بە فشارێكی زۆری نێودەوڵەتی هه‌یه‌‌‌ بیوه‌ستێنن.

ڕۆژی 14ـی ئەم مانگە دادگه‌ی باڵای فیدراڵی عێراق، هه‌را و زه‌نایه‌كی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، کاتێک لەباره‌ی سکاڵایەک لەسەر محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دانیشت و لە کۆتاییدا بڕیاریدا ئەندامێتی حه‌لبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنه‌ران وه‌ربگرێته‌وه‌‌. هه‌ڵبه‌ت لە غیابی نه‌بوونی هیچ میکانیزمێکی تانەدان، ده‌بێت حەلبووسی دەست لە پۆستی ” سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران” بکێشێتەوە. کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بەدەستیەوەیە، ئەمەیش لە پێشهاتێکدا کە کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگه‌کان دەبێت، کە بڕیارە لە کانوونی دووەم بەڕێوە بچێت.

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ جێگه‌ی مشتومڕ بووه‌
کاتێک هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دادگای باڵای فیدراڵی لە ساڵی ٢٠٠٣ دامەزراند، مەبەست لێی ئه‌وه‌بوو وەک یەکەم هێڵی بەرگری بۆ سەروەریی یاسا لە عێراقی به‌كار بێت، هه‌ڵبه‌ت دوای ڕووخانی سه‌ددام. دوای دوو ساڵ و بە تایبەتی تەنها پێش پەسەندکردنی دەستووری نوێ، یاسای “دادگای باڵای فیدراڵی” (” ژمارە 30″) پەسەندکرا، دەسەڵاتی فراوانی بەم “دادگا”یه‌ بەخشی بۆ دیاریکردنی دەستوورییەتی یاسا و یاسادانان و ڕێکخستن، و ناوبژیوانی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و پارێزگاکان، پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری تایبەت بە لێپێچینەوە دادوەرییەکان دژی دەسەڵاتە باڵاکانی حکوومەت. هەروەها دادگه‌ چەندان گەرەنتی بۆ سەربەخۆیی خۆی (وەک دەسەڵاتێکی دادوەری) پێدرا، لەوانە: کارگێڕی و دارایی.
شەرعیەتی دادگای باڵای فیدراڵی هەمیشە جێی جه‌ده‌ل و مشتومڕ بووە و تەنانەت دەستووریبوونیشی وەک بابەتی مشتومڕی یاسایی بەردەوامه‌. لە مادەی 92ی دەستووریی ساڵی 2005، ئەنجوومەنی نوێنەران فەرمانی دەرکردنی یاسایەک بۆ دیاریکردنی پێگەی دادگا دەرکرد، بەڵام هەرگیز ئەوە ڕووی نەدا.
هەروەها بەردەوام ڕەخنە له‌م دادگایە گیراوه‌ و وه‌ك هێمایه‌كی تائیفەگەری ته‌ماشا كراوە. ئەمه‌ش چونكه‌ ئەنجوومەنی نوێنەران و ئه‌وانی دیكه‌، پرۆسەی دانانی دادوه‌رانیان کردووه‌تە سه‌كۆی شەڕێکی خه‌ستوخوڵ بۆ هاوسەنگكردنی تائیفی، بەڵام لەبەرئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەستوەردانی لە پڕۆسەی سیاسیدا کردووە، بەتایبەتی لە کاتی ئەو چەقبەستووییەی کە زۆرجار لە کاتی پێكهێنانی حکوومەت و دوای هەڵبژاردن و سازشی تائیفی، دێته‌ ئاراوه‌.
دیارترین نموونەی ئەمەش ئەوەیە کە دادگه‌ لە ساڵی ٢٠١٠دا ڕێگەی بە دووبارە دانانەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران داوە، وێڕای ئەوەی پارتەکەی ئه‌یاد عەلاوی زۆرینەی دەنگەکانی لە کێبڕکێی پەرلەمانی ئەو ساڵەدا بەدەستهێناوە.
دوای مشتومڕێكی زۆر بۆ دەستوور، دادوەرەکان بڕیاریاندا، کە ئەو لایەنەی لە هەڵبژاردنێکی نیشتمانیدا سەردەکەوێت مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت – لەبری ئەوە، ئەو دەسەڵاتە دەكرێ بدرێت بە هاوپەیمانیی حزبەکان، تەنانەت ئەگەر ئه‌و هاوپەیمانیه‌ی، کە باسی لێوە دەکرێت دوای هەڵبژاردنیش سەرهەڵبدات. زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە ئەم بڕیارە لەژێر کاریگەریی ئەو لایەنە شیعانەدا بووە، کە دژایەتی عەللاوییان کردووە، بەهۆی دوورکەوتنەوە لە ڕیزەکانیان و سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانییەکی عەلمانی.

دادگه‌ی باڵای فیدراڵی بە سەرۆکایەتیی فایق زێدان
دادگای باڵای فیدراڵی لە ساڵانی ڕابردوودا بە سەرکردایەتی دادوەر فایق زەیدان زیاتر مشتومڕی لێکەوتەوە. ئه‌و لە ساڵی ٢٠١٧دا بووە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ئەو دەزگایەی کە سەرپەرشتی زۆربەی دەسەڵاتی دادوەری دەکات و کاریگەرییەکی دیاریکراوی لە ڕووی تیۆریەوە پێ دەبەخشێت. کاریگەرییەکەی لە ساڵی ٢٠٢١دا گەیشتە ئاستێکی به‌رز، کاتێک تاکە ڕکابەرێك له‌ پۆستە باڵاکانی دادوەری مابووەوە، ئه‌ویش سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی مەدحەت ئەلمەحمودی بوو، بەپێی هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە ٣٠ کە ڕێسایه‌كی نوێی بۆ ته‌مه‌نی دادوه‌ران له‌ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سەپاند، كه‌ ناچارکرا خانەنشین بێت. له‌ كاتێكدا زێدان هاوپەیمانی عه‌سكه‌رتاری ئێران بوو، هاوكات مەحموود ئەو کوتلانەی دیكه‌ی تووڕە کرد بە نیشاندانی پێزانین و هاوسۆزی خۆی بۆ بزووتنەوەی شیعەی ڕکابەر بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر.
شایانی باسە، هەمان ئەو هەموارکردنەی کە بووە هۆی پەراوێزخستنی مەحموود، پرەنسیپی هاوسەنگی تائیفی لە پێکهێنانی “دادگه‌ی باڵای فیدراڵی”دا جێگیرکرد، کە بووە هۆی زیادبوونی ژمارەی دادوەرە شیعەکان لە پارێزگاکانی باشوورەوە.
دواتر زێدان بۆ جێبەجێکردنی گۆڕانکارییە گەورەکانی دادوەری و ئاسانکاری بۆ یاساگەلێک کە کاریگەرییەکەی چەسپاندووە، دەسەڵاتە نوێیەکەی بەکارهێنا… بۆ نموونە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لیژنەیەکی بۆ “بەڕێوەبردنی پیشه‌كان” دروستکرد و دەسەڵاتی فراوانی پێدرا بۆ بەرزکردنەوە و درێژکردنەوەی ئەرک و گواستنەوە و خانەنشینکردنی دادوەر و داواکاری گشتی، لە بنەڕەتدا دەسەڵاتی دانان و دەرکردنی سەرجەم دادوەرەکانی وڵاتەکەی بە زێدان بەخشی . هەروەها کاریگەریی خۆی بەکارهێنا بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی، لەوانە دەستنیشانکردنی سەرۆکی نوێی دادگه‌ی باڵای فیدراڵی: جاسم محەمەد عەبوود، کە بە دڵسۆز و ده‌سته‌ڕاستی زێدان ناسراوە.

بێسنووركردنی چالاكییه‌كانی دادوه‌ری
ئه‌و كاته‌ی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١دا دوای چەند مانگێک لە ناڕەزایەتی گشتیی خەڵک بانگەوازی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی کرد، ئامادەکارییەکانی حکومەت بۆ ئەو دەنگدانە بریتی بوو لە چاکسازی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان. زێدان بە خێرایی سوودی لەم پرۆسەیە وەرگرت و پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد، كه‌ ئه‌نجوومه‌نی ” كۆمسیۆن” لە دادوەرەکان پێکدێت بۆ ئەوەی بتوانن له‌ داهاتوودا کاریگەرییان لەسەر بڕیارە گرنگەکانی پێش هەڵبژاردنەکان هه‌بێت.
لە چەند هەفتەی دوای دەنگدانی مانگی ئۆکتۆبەردا، زێدان پشتیوانی لە كوتله‌ی لایەنگری ئێرانی کرد و دادگای باڵای فیدراڵی ئاڕاستە ده‌کرد. سەرەتا وا دەرکەوت دادگاکە هەڵوێستێکی هاوسەنگی گرتەبەر بە پەسەندکردنی سەرکەوتنی هەڵبژاردن کە كوتله‌ی سەدری بەدەستی هێنا، بەڵام زۆری نەخایاند دادگای باڵای فیدراڵی زنجیرەیەک بڕیاری لە بەرژەوەندی چوارچێوەی هەماهەنگی دەرکرد، كه‌ لایەنگری ئێران و دژبه‌ری سه‌دربوون.
ڕەنگە گرنگترین بڕیار پێوەندیی بە هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە هەبێت، کە ئەمەش هەنگاوی یەکەمی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتە.
بە ده‌ربڕینێكی سادە، له‌مێژه‌ دادگه‌ مەرجی ده‌نگی زۆرینه‌ی دوو لەسەر سێی هه‌یه‌، پاشان كردی به‌ مەرجی نیسابی دوو لەسەر سێ . بەپێی ئەم لێکدانەوه‌یه‌‌، ده‌بێ لانیکەم دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران ئامادەبن بۆ بە دەنگدان به‌ سەرۆک. ئه‌م بڕیارە توانی كوتله‌ی لایەنگری ئێران وەک کەمینەیەکی بەربەستکار بە تەنها بایکۆتکردنی دانیشتنە پەیوەندیدارەکانی “ئەنجوومەنی نوێنەران” مامەڵە بکات. ئەمەش لە بەرامبەردا زەمینەی بۆ دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدر و هاتنی “چوارچێوەی هەماهەنگی” بۆ دەسەڵات خۆش کرد.
هەروەها دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری دەرکرد بۆ ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته‌ هۆی سزادانی نەیارانی سیاسی لایەنگرانی ئێران. لە شوباتی ٢٠٢٢ دادگا یاسای سامانە سروشتییەکانی ساڵی ٢٠٠٧ی حکومەتی هەرێمی بە نادەستووری ناساند، بە شێوەیەکی کاریگەر ئەو چوارچێوەیەی هەڵوەشاندەوە کە بۆ قەرەبووکردنەوەی له‌ غیابی یاسای هایدرۆکاربۆنی فیدراڵی داڕێژرابوو، هه‌روه‌ها له‌وه‌دا كه‌ حکومەتی هەرێم ده‌یتوانی لە فرۆشتنی نەوتدا به‌ره‌و پێش بچێت. هەرچەندە له‌ چوارچێوه‌ی گشتیدا خاڵە لاوازەکانی كارنامه‌ی چوارچێوه‌كه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٧ جێی مشتومڕنەبوون، بەڵام بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی پاڵنەرێکی سیاسی ڕوونی هەبوو، ئەویش گوشار خستنە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وازهێنان لە كوتله‌ی سەدر، بەمەش نەیتوانی حکوومەتێک پێکبهێنێت کە فراکسیۆنە لایەنگرەکانی ئێرانی بەدەر بکات. ئەم دەستێوەردانە دوای ئەوەی “چوارچێوەی هەماهەنگی” گەیشتە ئامانجەکەی و حکومەتی پێکهێنا، به‌ڵام دواتریش هه‌ر بەردەوام بوو. لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدراڵی گواستنەوە لە بودجەی فیدراڵی بۆ حکومەتی هەرێم به‌ نادەستووری له‌ قه‌ڵه‌م دا، لە مانگی ئایاریشدا درێژکردنەوەی ماوەی په‌رله‌مانی هەرێمی هەڵوەشاندەوە.
هەروەها پرسە سیاسییەکانی دیکەش بوونەتە هۆی دەرکەوتنی بڕیارە مشتومڕاوییەکان (و بە تایبەتی لایەنگرانی ئێران). ڕۆژی 4ی ئەیلول، دادگای باڵای فیدراڵی ئەو یاسایەی هەڵوەشاندەوە کە ڕێککەوتنی عێراق و کوێتی لە ساڵی 2012 بۆ ڕێکخستنی کەشتیوانی دەریایی لە ڕێڕەوی ئاوی (خور عەبدوڵڵا) له‌سه‌ر كرابوو.
دۆسیەکە لەلایەن نوێنەری “كوتله‌ی حوقق”ەوە تۆمارکراوە، کە دەزگایەکی سیاسییە و سەر بە میلیشیای “کاتیب حزبوڵڵا” کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و لە لیستی تیرۆریستی ئەمریکادا هاتووە.
جگە لە دوژمنایەتی گشتیی كوتله‌ی لایەنگری ئێران بەرامبەر دەوڵەتانی کەنداو کە لەژێر دەسەڵاتی عەرەبی سوننەدایە، ڕەنگە ئەو پرسە لە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان تاران و کوێت و عەرەبستانی سعوودیە سەبارەت بە ئیستغلالکردنی کێڵگەی گازی سروشتی “دوڕە” سەرچاوەی گرتبێت.
به‌هه‌ر حاڵ، ئەو بڕیارە هەڕەشەی پەکخستنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان بەغدا و کوەیت ده‌كات، ئەمەش وایکرد محەممەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستوەردان بکات. لە کۆتاییدا زێدان ئاماژەی بە ئەگەری پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌و بڕیاره‌ كرد.
بڕیاری داگه‌ی فیدرالیی سیاسی لە ١٤ی ئەم مانگەدا حه‌لبووسیشی گرته‌وه‌. ئه‌و بەدرێژایی چه‌ندان ساڵ توانی ببێتە سەرکردەی سیاسی سوننەی عێراقی، توانی سەرەڕای گۆڕانکاری زۆر لە حکومەت و هەوڵی دووبارە دەرکردنی، ڕۆڵی سەرکردایەتی خۆی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بپارێزێت. لە کۆتاییدا دادگایەکی باڵا لە کارەکەی دووری خستەوە – بە تایبەتی، دوای ئەوەی یه‌ك له‌ ئەندامانی هاوپەیمانییه‌كه‌ی، سکاڵای لە دادگا کرد، کە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ساختە کردووە.

کاردانەوەکان
سەرەڕای چەند دۆسیەیەک کە دەسەڵاتی دادوەری بە سەرۆکایەتی فایق زێدان حوکمی دەرکرد کە لە بەرژەوەندی تاران و بڕیکارەکانی بوو، ده‌ركه‌وت مەودای هه‌ژموونی ئێران بەسەر “دادگای باڵا”دا هێنده‌ ساده‌ نییه‌.
تەنانەت بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی کە هاوتەریبە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تاران، زۆرجار مەیلێک بەرەو ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی عێراقی ئاشکرا دەکەن- بەتایبەتی ئامانجەکانی دووبارە مه‌ركزیه‌تی دەسەڵات لە بەغدا لەسەر حیسابی ئۆتۆنۆمی کورد و چاکسازی لە دەستوور بۆ شکاندنی ماوه‌ی درێژخایەنی قەیرانەکان دوای هەڵبژاردن ناسەقامگیری لە وڵاتدا نه‌مێنیت.. زێدان خۆی لە وتارێکدا کە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ لە ماڵپەڕی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڵاوی کردەوە، ئەو بیرۆکانەی خستەڕوو.
زێدان لە هەوڵی باڵادەستی دادوەریدا زۆرجار له‌ یاریکردن بە یاساکان به‌رگه‌گرتنێكی ستراتیژی نیشانداوە له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی پشتگوێی بخات. بەم پێیە نابێ سیستمی دادوەریی لەگەڵ كێشه‌ی میلیشیاکانی ئەو وڵاتەدا تێکەڵ بکرێت، کە ئێران پاڵپشتیان دەکات. بە پێچەوانه‌وه‌، دامەزراوەکەی وەک هاوبەشێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە. بۆ نموونە هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری عێراق لە دۆسیەکانی پەیوەست بە داعش بەرهەمدار بووە، زیدان لە سەرەتای ئەمساڵدا شیکارییەکی یاسایی بڵاوکردەوە کە ئاسانکاری دەکات بۆ بەڵگەنامەکردنی مەدەنی بۆ ئەو منداڵانەی لەژێر دەستی گروپە جیهادییەکان بەناو “خەلافەت” لەدایک بوون.
هاوکات ئەو هاوبەشانەی دەیانەوێت دەستی ئێران لەسەر عێراق شل بکەن، ژیرانە دەبێت فشار و چاودێریی ورد لەسەر پرسە سیاسییەکان دابنێن، کە دادگه‌ سنووری خۆی تێپەڕاندووە، واتە له‌ مه‌سه‌له‌ی هەڵبژاردن و پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ ناکۆکی جۆراوجۆری نێوان بەغدا و هەولێر و عێراق، پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان، کە ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی دیکە لەخۆدەگرێت. بەرەنگاربوونەوەی هه‌ژموونی ئێران لەناو خودی دەسەڵاتی دادوەریدا، پێویستی بەوە دەبێت کە ڕۆژئاوا یارییە درێژخایەنەکە بکات، بەشێکیش بە پەرەپێدانی هاوکاریی ئەکادیمی و ڕاهێنانی نەوەی داهاتووی دادوەرەکان. ڕوانگەیەکی لەو شێوەیە لەگەڵ خواستی زێدان بۆ ناساندنی نێودەوڵەتی یەکدەگرێتەوە، ئەمەش به‌رمه‌بنای گەشتەکانی بۆ لەندەن و پاریس له‌م دواییەش بۆ ئەمریکا.

ھەواڵی زیاتر