وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، نووسراوێکیان کردووە بۆ پێدانی قەرزێک بە بڕی 700 ملیار دینار بە هەرێمی کوردستان بەمەبەستی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-12-2023، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەژێر چاودێریی تەیف سامی، وەزیری دارایی، “رۆژی هەینی 08-12-2023، وەزارەتی دارایی نووسراوێکی کردووە بەمەبەستی پێدانی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرز بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەو مەرجەی ئەو بڕەپارەیە دواتر لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دوای پابەندبوونی بە یاسای بودجە، پاکتاو بکرێت”.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ناردنی 700 ملیار دینارەکە جەختکردنەوەیە لە پەرۆشی حکومەتی عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان.