دیندار زێباری: سەدان کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە راگیراون

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ هەوڵی زۆری داوە. هەروەها سەدان کۆمپانیا داخران و راگیراون، کە هەندێکیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون.

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی دووەمی پلانی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری کردووە لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ و رێزگرتن لەو مافانە، لەنێویشیاندا مافی ئازادی ئەوانەی کە بەپێی دەستوور چەسپاون.

دەشڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان باشکردنی دۆخی مافی مرۆڤی خستووەتە سەر ئەرکی خۆی لە چوارچێوەی کۆماری عێراقدا، ئەمەش بەگوێرەی ئامار و ستانداردەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییە کە دیاری کراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کارمان کردووە بۆ رووبەرووبونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ کە ئەمە بابەتێکی زۆر ترسناکە، هەروەها سەدان کۆمپانیا داخران و راگیراون، هەندێکی دیکەش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون.

زێباری لە وتارەکەیدا گوتیشی: دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە گرنگییەکی گونجاوی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێدراوە، بەو پێیەی هەزار و 384 حاڵەت لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، کە بریتین لە کاری زۆرەملێ، بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی مرۆڤ، بازرگانیکردن بە منداڵان، قاچاخچێتی مرۆڤ، بەکارهێنانی خەڵک بۆ سواڵکردن.

جەختیشیکردەوە، 432 کۆمپانیا سزادراون و داخراون و لە کارەکانیان راگیراون، نزیکەی هەزاری دیکەش خراونەتە ژێر چاودێری و زیاتر لە 500 کۆمپانیاش لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

دیندار زێباری باسی لەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان وای کردووە مافەکانی مرۆڤ بەپێی ئاستەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەبچێت، لەو پێناوەشدا کاری کردووە بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەهەموو روێکەوە.

روونیشکردەوە، دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئەیلوولی ساڵی 2021ەوە، نووسینگەی هەماهەنگی نێودەوڵەتی دامەزراندووە، لەم چوارچێوەیەدا، کۆمەڵێک یاسایی دادوەری و یاسایی پەرلەمانی بەهەماهەنگی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەرکران.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-12-2023، کۆنفرانسی دووەمی پلانی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، کە لەلایەن وەزارەتی دادی عێراقەوە لە بەغدا، لە ژێر دروشمی “دەوڵەتی مرۆڤ ئامانجمانە” بەڕێوەچوو،  ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ یادی 75 ساڵەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ