وەزیری تەندروستی عێراق: ئامادەین بۆ دابینکردنی هەر پێداویستییەک بۆ چارەسەری بریندارانی رووداوەکەی سۆران

وەزیری تەندروستی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەر پێداویستییەک بە مەبەستی چارەسەری بریندارانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی باڵەخانەکەی ئیدارەی سۆران.

ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و ئامادەیی بۆ هەر پێداویستی و هاوکاریکردن دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی سۆران، کە بەهۆیەوە 14 کەس گیانیان لەدەستدا.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بە مەبەستی ئامادەیی بۆ هەر پێویستیەک و هاوکاریکردنی چارەسەری برینداران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا. وێڕای دەبڕینی دڵگرانی و پرسە و سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانیان و هاووڵاتیانی سۆران بۆ رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە شاری سۆران، ئامادەیی بۆ هەر پێویستێەک بۆ چارەسەری برینداران دەربڕی.

ئاماژە بەوەشکراوە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی دەرەنجامی قوربانیانی رووداوەکەی سۆران و جۆر و هۆکاری گیان لەدەستدان و رەوشی بریندارانی نەخۆشخانە و رێکارەکانی ئەنجامدراوی روونکردەوە، سوپاسی هەڵوێست و هەماهەنگی و دەستپێشخەری پەیوەندی تەلەفۆنی وەزیری تەندروستی عێراقی کرد.