دوو لە قوربانییەکانی رووداوەکەی شەوی رابردووی سۆران بەخاک سپێردران

لە گۆڕستانی قەڵا لە سۆران تەرمی دوو لە قوربانییەکانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی رابردوو، بەخاک سپێردران.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، ئەو دوو هاووڵاتییە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی شەوی رابردوون، کە یەکێکیان ناوی “رێناس”ـە و خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و ئەوەی دیکەش ناوی “عەلی”یە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە.

گوتیشی: دوای وەرگرتنی رەزامەندی ماڵباتەکانیان و تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، ئەمڕۆ لێرە بەئامادەبوونی باوکی یەکێک لە قوربانییەکان بەخاکیان دەسپێرین، دەشڵێت: قوربانییەکانی شەوی رابردوو هیچ جیاوازییان نییە و ئێمە خۆمان بەخاوەنیان دەزانین.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ رێزگرتن لەو قوربانییانە بڕیارمان داوە سبەی لە ئیدارەی سۆران وەکو ماتەمینییەک، لە هۆڵی بۆنەکان مەراسیمێک بۆ قوربانییەکان دەکەین بە داگیرساندنی 14 مۆم و دانانی تاجە گوڵینە.

ئەمڕۆ شەممە 9/12/2023، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “ئەمڕۆ لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی لە باڵەخانەکەی سۆران دەستبەکاربوو، سەردانی شوێنی رووداوەکەیان کردووە، هاوکات ئێمە وەکو ئیدارەی سۆران لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووینەوە، بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بکەین، کە چۆن بووینە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو کارەساتەی کە روویدا، کە ئایا کەمتەرخەمی هەبووە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەگەر هەبووە هۆکارەکانی چی بووینە؟، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەین، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا باشتر رووبەڕووی رووداوی لەوشێوە ببینەوە”.

شەوی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سۆران کە ژمارەیەک قوتابی، مامۆستا و هاووڵاتی ئاسایی تێیدا نیشتەجێبوون، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.