لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی عێراق: کەس بەبێ کارتی بایۆمەتری ناتوانێت دەنگ بدات

بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هیچ دەنگدەرێک ناتوانێت بەبێ کارتی بایۆمەتریی بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکات و دەنگ بدات.

ئەمڕۆ شەممە، 09-12-2023، خالد عەباس، بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاند، “لە سنووری پارێزگای دهۆک ئامادەکاریی زۆر باش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کراوە و تەواوی کەلوپەل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی تایبەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ هەموو بنکەکانی دەنگدان دابینکراون”.

بڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. زیاتر لە 23 ملیۆن و 368 هەزار کەس دەتوانن لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بدەن.

زیاتر لە 660 هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەژین، 41%یان لە هەولێرن، 40% لە دهۆک و 19%ـیشیان لە سلێمانین. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 25 کەمپی ئاوارە و پەنابەران هەن و خەرجی ساڵانەیان زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلارە.

بە گوتەی خالد عەباس، لە سنووری پارێزگای دهۆک 54 هەزار ئاوارەی دەرەوە و ناوەوەی کەمپەکان مافی دەنگدانیان هەیە و 34 بنکەی دەنگدانیان بۆ کراونەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن. گوتیشی، “ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووە و هەوڵدەدەین لە رێگەی تیمە گەڕۆکەکانەوە زۆرترین کارتی بایۆمەتریی دابەش بکەین”.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە و پارێزگای کەرکووکیش 15 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.

دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری بەسەر هاووڵاتییاندا وەکو ئەوەی خالد عەباس ئاماژەی پێ دا، “تاوەکو 13-12-2024 بەردەوام دەبێت” و جەختیشی کردەوە، “بەبێ کارتی بایۆمەتری هیچ دەنگدەرێک ناتوانێت بەشداریی لە هەڵبژاردنەکەدا بکات و مافی دەفەوتێت”.

بڕیارە لە 25ى شوباتی 2024، هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان لەژێر سەرپەرشتیى ڕاستەوخۆی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت.

بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی، “877 هەزار کەس لە سنووری پارێزگای دهۆک مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەدا 81.4ـیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمارکراون و لەو رێژەیەش سەدا 98ـیان کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووە”.