حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: رۆژی یه‌كشه‌م پشوو نییه‌

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، رۆژی یه‌كشه‌می داهاتوو له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌وام ئاسایی ده‌بێت و پشوو نییه‌.

پێشه‌وا هه‌ورامانی گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مشه‌و پێنجشه‌م ڕایگه‌یاند”بەپێی ڕۆژژمێری حکوومەت، ڕۆژی یەکشەم 10ـی کانوونی یەکەم لە سەرجەم دامودەزگاکان دەوامی فەرمییە و “پشووەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوه‌”

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م نووسینگه‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاندبوو كه‌ رۆژی یه‌كشه‌می داهاتوو پشووی فه‌رمی ده‌بێت له‌ سه‌رجه‌م پارێزگه‌كانی عێراق.

پشووه‌كه‌ به‌بۆنه‌ی (رۆژی سه‌ركه‌وتن)ـه‌ كه‌ ساڵیادی ئازادكردنی خاكی عێراقه‌ له‌ ده‌ست ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش.