فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەهەرێمی کوردستان: بەهاوبەشی لەگەڵ پێشمەرگە دەتوانین پرۆسەی ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خێرا بکەین

فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەهەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ پێشمەرگە دەتوانن هەنگاوەکانی چاکسازیی و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خێراتر بکەن.

ئەمڕۆ پێنچشەممە( 7-ی کانوونی یەکەمی 2023)، لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و ئیدارەومیرە، لەگەڵ بەرپرسی بنکەی ئۆپەراسیۆنەکان و بەڕێوبەری جوڵانەوەی سەربازیی و کۆڵۆنێڵ مەکێنزی فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەهەرێمی کوردستان و تیمێکی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان کۆبوونەوە.

بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەکەدا کارنامەی هێزی پێشمەرگە وەک خاڵە گرنگەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردووە، هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ ڕێکخستنەوەی هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە و، ئاماژەی بەوەشدا پلانیان جێبەجێکردنی تەواوی بەرنامە و برگەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و، دامەزراوەیکردنی سەربازییانەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەوەی هاوتابێت لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەربازیی سەردەم.

شاندی هێزەکانی هاوپەیمانان رایانگەیان: بەگرنگیەوە لە هەوڵ و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە دەڕوانن بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتنامەکە، هاوکات ئاماژەیان بەوەدا، بەهاوبەشی وکاری پێکەوەیی لەگەڵ پێشمەرگە، دەتوانن  پرۆسەی چاکسازی پێشمەرگە و پڕۆسەی ڕێکخستنەوەی هێزەکان خێرا بکەن.