ساڵانە 250 تۆن زەیتون لە هەڵەبجە بەرهەم دەهێنرێت

ساڵانە 250 تۆن زەیتون لە هەڵەبجە بەرهەم دەهێنرێت. بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵیش، ساڵانە 110 تۆن زەیتی زەیتوون لە هەموو هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت.

ئیسماعیل سلۆ، هاووڵاتییەکی کوردی ئێزدییە. لە شنگالەوە رێگەیەكی دووری بڕیوە و بەرهەمی زەیتونی ئەمساڵی هێناوە تا لەم کارگەیە بیکاتە زەیتی زەیتوون بۆ ئەوەی داهاتێکی باشتری هەبێت؛ ئومێدەواریشە لە ناوچەکانی ئەوانیش کارگەی هاوشێوە دابمەزرێنرێن.

ئیسماعیل باس لەوە دەکات:  “لای ئێمە لەبەر ئەوەی ناوچەیەکی بچووکە؛ کارگەی زەیتی زەیتوونمان نییە. ژمارەیەکی زۆری دار زەیتوون لە دەڤەرەکەمان نەماون، چونکە داعش هەموویانی سووتاندوون”.

ساڵانە سەدان تۆن زەیتوون لە هەموو شارەکانی کوردستانەوە دەهێنرێتە پارێزگای هەڵەبجە تا بکرێتە زەیتی زەیتوون. پەیام سەیوان، بەڕێوبەری کارگەکەش دووپات دەكاتەوە كە ساڵانە  بەھۆی ئەم جۆرە كارگەیانەوە، گرنگی زیاتر بەچاندنی زەیتوون دەدرێت .

پەیام سەیوان دەڵێ: “دوای دامەزراندنی ئەم کارگەیە، ژمارەی داری زەیتوون لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و 400 تۆن بەرهەمی زەیتوونی جووتیاران زیادیکردووە”.

لە سەرەتای مانگی 11وە دەست بەکۆکردنەوەی زەیتوون دەکرێت. لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 383 دۆنم زەوی بە زەیتون داچێنراوە. لە سنووری پارێزگاکە زیاتر له 50 هەزار داری زەیتوون هەیە و ساڵانە 250 تۆن زەیتون لێیان بەرهەم دەهێنرێت.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە بەرهەمی روونی زەیتوون داوە. لە  ماوەی دووساڵی رابردوودا، بە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، زەیتی زەیتوونی کوردستان بۆ وڵاتانی بەریتانیا و ئەڵمانیا هەناردەکراوە. 

رۆژی شەممە 25ی تشرینی دووەمی2023، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەرهەمی ساڵانەی زەیتی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 110 تۆن؛ لە هەولێر 20.04 تۆن،  سلێمانی 10 تۆن، دهۆك سێ تۆن و لە پارێزگای هەڵەبجەش ساڵانە 60 تۆن زەیتی زەیتوون بەرهەم دەهێنرێت.

ھەواڵی زیاتر