بەرهەم عەلی، سەرنووسەری پێشووتری ڕۆژنامەی هەولێر: لە ڕاگەیاندنی کاغەزدا ڕۆژنامەی هەولێر ئەزموونێکی زێڕینە

لە کۆتایی ٢٠٠٦ تا کۆتایی ٢٠٠٧، ساڵێکی تەواو سەرنووسەری ڕۆژنامەی هەولێر بووم، بۆ ئەو کاتە دووجۆر ڕۆژنامە هەبوو لەکوردستاندا، هەندێک ڕۆژنامەی زمانحاڵی حزبی و هەندێک ڕۆژنامەیش ناویان لەخۆیان نابوو ڕۆژنامەی سەربەخۆ و بێ لایەن. لەبەر ئەوەی ڕۆژنامەی هەولێر ئەزموونێک بوو لەو نێوەندەدا، نە ڕۆژنامەیەکی تەواو پابەندی حزبی بوو، نە ڕۆژنامەیەکی بێلایەن بوو، کە ئەوکاتە خەڵکێکی زۆر گومانی لەو ڕۆژنامانەی تر دەکرد کە ناویان لەخۆیان نابوو سەربەخۆ و بێلایەن کەواش نەبوون. ڕۆژنامەی هەولێر ئەزموونێکی باش بوو دەکرا بڵێین ڕووماڵی زۆربەی هەواڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەکرد، تەنانەت هەندێک هەواڵی گرینگی ناو ئۆرگانەکانی حزبیش، بەڵام بەشێکی زۆرباشیشی تێدابوو بۆ خەڵکی ئاسایی و خوێنەری ئاسایی. ئەو کاتە ڕۆژنامەکە وەکو ئێستا دابەش نەدەکرا کە بیبەینە هەموو شوێنەکان بەبێ پارە، بەڵکو ڕۆژنامەکە دەفرۆشرا لەبازاڕ، وە ژمارەیەکی زۆرباشی لێ دەفرۆشرا و داهاتی ڕێکلامی باشی هەبوو، داهاتی پارەی فرۆشتنی ڕۆژنامەکەیش هەبوو. لە ڕوویەکی ترەوە خوێنەرێکی زۆرباش ڕوویان تێکردبوو، لەبەر ئەوەی کە ئەزموونێکی تایبەت بوو، من بۆ خۆم ئەزموونەکەم زۆر پێ خۆش بوو کە ئەزموونێکی تایبەتی کاری ڕۆژنامەوانی بوو، نووسەرانێکی زۆرباش گۆشەیان هەبوو تێیدا، زانیاری زۆرباشمان تێیدا بڵاودەکردەوە، ئەوکاتە ڕۆژگاری زێڕینی ڕۆژنامەی کاغەزی بوو.

ھەواڵی زیاتر