رێگەپێدان بۆ خاوەن زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری دەکرێت

رێپێدان بە چوار هەزار و 200 خێزان درا تاوەکو له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانی قه‌ره‌بووی گوندی كۆریی خانوو دروستبکەن.

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 07-12-2023، لە رێوڕەسمێکدا سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رێپێدانی بە چوار هەزار و 200 خێزان دا بۆ ئەوەی بتوانن له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانی قه‌ره‌بووی گوندی كۆریی لە هەولێر خانوو دروستبکەن.

عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “وەکو سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر، خۆشحاڵین کە دڵی چوار هەزار و  200 خێزانمان خۆشکردووە. جێگای سەربەرزی ئێمەیە و شانازیشە بۆ تەواوی ئەو تیمانەی کە لە ماوەکانی رابردوو کارەکانیان ئەنجامداوە”.

گوتیشی، “ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە، ئەو گەڕەکانەی 35% ئاوەدانی دەکەوێتە ناوی ئێمە هەڵدەستین بە پشکنین و خزمەتکردنی ئەو پێداویستییانەی کە بۆ هەر گەرەکێک پێویستە. هەموو فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی پێداویستییەکانی خزمەتگوزارییەکان کە هاووڵاتیی پێویستیی پێیەتی، لەرێگای داواکاری بەرز دەکاتەوە، ئێمەش لای خۆمانەوە پابەند دەبین بەو بابەتەی کە داوایانکردووە دابینی بکەین”.

دووپاتیشیکردەوە: “لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت دووپاتی لەسەر تەواوی ئاسانکارییەکان بۆ هاووڵاتییان کردووەتەوە کە دەبێت بکرێت، بۆ ئەوەی مافی سرووشتی یاسایی خۆیان بەدەست بهێنن”.

ھەواڵی زیاتر