تارق جامباز، نووسەر و لێکۆڵەرەوەی مێژوویی:ڕۆژنامەی هەولێر لە ئەرشیفی ڕۆژنامەگەریدا پرشنگدارە

وەک هەموومان دەزانین، هەولێر تەمەنی هەزاران ساڵە، هەندێک دەڵێن پێنج هەزارە، هەندێک دەڵێن حەفت هەزارە؛ بەڵام تاکە شارە و لەبەر گرنگی ئەو شارە زۆر شت کراوە، ئەوەی من ئاگاداربم و ئیشم لەسەر کردووە، یەکەم ڕۆژنامەگەری لە هەولێر، ٣٣ نەشرەیەکی قوتابخانەی ئەربیل زانییە، کە دوازدە لاپەڕەیە بە عەڕەبی دەرچووە پێش ٩٠ ساڵ. دواتر، حزبی هیوا گۆڤارێکی دەرکردووە بەناوی گۆڤار، بڵاوکراوەیەکی دەستخەتە، من دۆزیمەوە و پاش ڕاپەڕین بڵاوم کردەوە و ساڵی ١٩٩٨ چاپ کراوە.

دەتوانم بڵێم ئەوەی کە بەردەوام بووە و بەباشی دەرچووبێت کۆمەڵەی مامۆستایان لقی هەولێر بوو، کە حەسەن مەجید کە هاتە هەولێر چەند شتێکی کرد کە بڕیاریاندا ڕۆژنامەیەک دەربکەن بەناوی ڕۆژنامەی هەولێر، ڕۆژنامەکە ١٩٥٠ تا ١٩٥٣ بەردەوام بوو، ١٤٠ دانەی لێ دەرچوو بە کوردی و عەرەبی، من توانیم ٢٠١٨ لە ئەکادیمیای کوردی بەچاپی بگەیەنم، ٩٣ ژمارەم بەدەست کەوت، بەداخێکی زۆرەوە بەشێکی لای هەندێک کەس بوو لە هەولێر، داوام لێیان کرد گوتی هەمانە بەڵام لای خۆیان هێشتیانەوە و پێمیان نەدا. بەڵام حەسەن مەجید ڕۆڵێکی باشی هەبووە کە ئەو بووە هۆی بڵاوبوونەوەی؛ دەستەی نووسەران ئەستێر خان بووە، عزەددین فەیزی ڕۆڵێکی چالاکی بینیوە چونکە زۆر شتی لەسەر هەولێر نووسیوە و دەتوانین بگەڕێینەوە ناوەڕۆکی ئەو بابەتە کە تێزی ماستەر و دکتۆرای لەسەر وەربگیرێت، چونکە ئەو ڕۆژنامەیە ڕۆژنامەیەکی پڕشنگدارە. گوێبیستی ئەوە بووم کە گۆڤارێک لە شارەوانی هەولێر کە ئەویش ٧٦ ژمارەی دەرچووە، من توانیم لە بنەماڵەکەیان ٤٠ ژمارەم دەست بکەوێت. دواتر لەچەند پڕۆفیسۆرێک کە ئەوانیش چەند ژمارەیان لابوو، من توانیم لە ٧٦ ژمارە، ٦٢ ژمارە چاپ بکەم کە لە ئەکادیمیای کوردی ٢٠١٩ چاپ و بڵاوکرایەوە. ساڵی ١٩٥٣ و ١٩٥٤ بڕیارێک لە بەغدا دەرچوو کە بۆ ڕاگرتنی هەموو ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، دەبوایە سەر لەنوێ داوا پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی دەربچێت، بەداخەوە دەرنەچوو و ڕێگەیان نەدا. داواکاری کراوە کە نامیلکەی سێیەمم لە ئەکادیمیای کوردی ٢٠٢٠ چاپکرا، وە هەوڵدان بۆ دەرکردنی ١٧ بەڵگەنامەم، ئەویش هەر لە بنەمەڵەیەکم وەرگرت و بڵاوم کردەوە. ساڵی ١٩٧٠ شارەوانی هەولێر لەلایەن کاک سەعدی دزەیی و محەمەد مەولوود گۆڤاری هەولێریان دەرکرد کە دوازدە ژمارەی لێ دەرچوو. دواتر گۆڤاری هەولێر دەرچوو، ئەوکاتە کاک فرەنسۆ هەریری ڕەحمەتی و مەهدی خۆشناو و فوئاد سدیق، ڕۆڵێکی باشیان بینی کە توانیان ١٧ ژمارەی لێ دەربچوێنن کە دەربارەی هەولێر و هەولێرییەکان بوو. منیش هەوڵمدا گۆڤارێک دەربچێت وەک ئەوەی سلێمانی بۆ ئەوەی دیۆکۆمێنتاری بێت بۆ هەولێر، بەڵام بەداخێکی زۆرەوە لایەنی بەرپرس نەیانهێشت بێتە کایەوە کە شتەکە دەربچێت. ئێستایش کە ڕۆژنامەی هەولێر دەردەچێت و بەخۆڕایی بەسەر خەڵک دابەش دەکرێت، ئەوە شتێکی زۆر باشە و دکتۆر سالار عوسمان ڕۆڵێکی گەورەی لەو بارەیەوە بینیوە. دەتوانم بڵێم لە هەولێر پێویستە گۆڤارێکی دیۆکۆمێنتاریمان هەبێت، چونکە زۆر کەس ئێستا لە ژیاندان، من خۆم ١٠ کتێبم هەیە لەسەر هەولێر، چونکە هەولێر گرینگییەکی تایبەتی هەیە بۆ هەولێرییەکان شتەکان لەئاست پێویست نەبووە، بەڵام دەمانتوانی باشتر کارەکان بکەین.
لەسەردەمی پاشایەتی لەگەڵ کۆماری جیاوازی هەیە، لەساڵی پەنجایەکان کە ١٤٠ ژمارە دەرچووە، بەداخەوە من توانیم ٩٣ ژمارە لە ئەکادیمیای کوردی چاپ بکەم، لەوێ زۆر شتی خەمخۆری و کۆمەڵایەتی باس دەکات؛ ئەوان شتی سیاسیان بڵاودەکردەوە لەسەر وڵاتپارێزی و کوردایەتی، پاڵپشتیکارێکی زۆر باش بوون بۆ جولاندنەوەی رزگاریخواز. قۆناغی گرینگ پاش بەیانی ١١ ی ئازار کە لە شارەوانیی هەولێر ئەو گۆڤارە دەرچوو، گۆڤاری هەولێر ڕۆڵێکی گەورەی بینی و لێکۆڵینەوەیەکی درووست کردووە و بە چاپی گەیاندووە. دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، ڕۆژنامەیەک دەرچوو بەناوی هەولێر، کە پاریزگاری هەولێر دەری دەکرد، بەردەوام بوو چەند ژمارەیەکی، شێرزاد هەینی ڕۆڵێکی گرینگی تێدا بینی، وە دواتر هەولێر دەرچوو کە کاک فرەنسۆ و مەهدی خۆشناو ڕۆڵیان تێدا بینی کە تایبەت بوو بە هەولێر. دەبێ ڕۆژنامەی هەولێر کە دەردەچێت دۆکۆمێنت لەگەڵ هەولێرییەکان بکات، بۆئەوەی ئەو شتانەی شاراوەیە ئاشکرا بکرێت، لەکاتی پاشایەتی و کۆماری زۆر شت لە هەولێر کراوە، لە ئێستادا خەریکی کتێبێکم کە ئەوانەی دوورخراونەتەوە لە کوردستان، من جەخت لە هەولێرییەکان دەکەمەوە، کە لە نیسکۆ و شۆڕشی ١٩٧٥، خەڵکێکی زۆر ڕەوانەی باشووری عێڕاق کران، ئەمە زۆر کەس نازانێت. بەداخێکی زۆرەوە، بۆیە دەبوایە ڕۆژنامەیەکمان هەبێت دۆکۆمێنتارییەکان بڵاوبکاتەوە، بەڵام زۆربەیان لەژیاندا نەماون، من دەمەوێ ئەوانەی لەژیاندا ماون شتەکان لەگەڵ خۆی نەباتە ژێر گڵ، بەڵکو باسی بکات با خەڵک بزانێت، چونکە هەولێر خزمەتێکی زۆری کردووە.

ھەواڵی زیاتر