وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری رێنمایی تایبه‌ت بە راگرتنی گشت خەرجییەکان ده‌رده‌كات

به‌پێی نووسراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ژماره‌ (14541) كه‌ ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 6ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) ده‌رچووه‌، تێیدا رێنمایی دارایی ژمارە (13)ـی ساڵی (2023)ـی تایبەت بە راگرتنی گشت خەرجییەکان بەهۆی نزیکبوونی کۆتایی ساڵی دارایی (2023) ده‌رچووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، به‌مه‌به‌ستی پاكتاوكردنی ژمێریارییه‌كان و گه‌یاندنیان بۆ وه‌زاره‌تی دارایی له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا بڕیار درا به‌ راگرتنی سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی به‌ڕێوه‌بردنی دارایی كوردستان (KMFS) له‌ رێككه‌وتی 7/12/2023 تاوه‌كو كردنه‌وه‌ی خه‌رجی له‌ ساڵی دارایی/ 2024. هاوكات له‌گه‌ڵ راگرتنی سه‌رجه‌م خه‌رجییه‌كان له‌ رێككه‌وتی 10/12/2023 بۆ ساڵی دارایی 2023 به‌مه‌به‌ستی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ژمێره‌كان جگه‌ له‌ خه‌رجییه‌كانی (مووچه‌، پێشینه‌ی خه‌رجكراوی مانگانه‌ و كرێی مانگانه‌ و خاوێكردنه‌وه‌ و خواردن). هه‌روه‌ها راگرتنی زیادكردنی پێشینه‌ی به‌رده‌وامی مانگانه‌ (السلف المستدیمة).

ئه‌مانه‌ و چه‌ند رێنماییه‌كی دیكه‌ كه‌ هاوپێچ كراوه‌، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری رایده‌گه‌یه‌نێت له‌ رێككه‌وتی 10/12/2023 كاری پێ ده‌كرێت و له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قائیعی كوردستان بڵاوده‌كرێته‌وه‌.