وەزارەتی شارەوانی 970 ملیۆن دیناری بۆ جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاریی ئاو و گەشتیاری لە سنووری شاری سلێمانی خەرجکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 06-12-2023، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، وەزارەتەکە ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر خەرجكردنی گوژمەی زیاتر لە 970 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاریی ئاو و گەشتیاری لە سنووری شاری سلێمانی.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بەگوێرەی فەرمانە وەزارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەسەر ڕێژەی 15%ی داهاتی كەرتی گەشتیاری لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی، ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 214 ملیۆن و 143 هەزار دینار بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی دروستكردنی سێتی توالێت و نۆژگە بۆ ناو پاركی هەواری شار.”
ئاماژە بەوەش کراوە، “لەسەر ڕێژەی 17%ی داهاتی ئاو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی؛ ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 308 ملیۆن و 277 هەزار و 661 دینار بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕاكێشانی بۆریی دەكتایل لە شەقامی بۆتان/54 بۆ چارەسەركردنی پیسبوونی ئاو”.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: “لەسەر ڕێژەی 17%ی داهاتی ئاو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 107 ملیۆن و 310 هەزار و 630 دینار بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕاكێشانی بۆری لە شەقامی ئاشتی و چەند كۆڵانێكی دیكە لە گەڕەكی ئاشتی.”
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لەسەر ڕێژەی 17%ی داهاتی ئاو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 341 ملیۆن و 180 هەزار و 310 دینار بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕاكێشانی بۆری دەكتایل بۆ بەهێزكردنی تۆڕی ئاوی گەڕەكی شارەوانی/407 لە شاری سلێمانی”.