خانزاد ئەحمەد: رێژەی کوشتنی ئافرەتان زۆر کەمیکردووە

ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان و گەشەپێدان رایدەگەیەنێت، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، رێژەی کوشتنی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان “زۆر کەمیکردووە”.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 06-12-2023، خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان و گەشەپێدان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ راگەیاند، “خۆشبەختانە ئەمساڵ ئاماری کوشتنی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی رابردوو، زۆر کەمیکردووە”.

وەکو ئەوەی خانزاد ئەحمەد باسی کرد، “مەرج نییە هەموو توندوتیژییەک دژی کچان و ئافرەتان تەنها کوشتن بێت؛ جۆرەکانی توندوتیژی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. هەموو توندوتیژییەکانیش تەنها بەرامبەر بە ئافرەت و کچان نەکراون، بەڵکوو بەرامبەر منداڵان و پیاوانیش کراون”.

بە گوتەی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان و گەشەپێدان، “ئەو توندوتیژییەی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵاتییەکانەوە بەرامبەر گەنجان دەکرێت زۆر مەترسیدارە و پێویستە کاری لەسەر بکرێت”. گوتیشی، “بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئاسوودەیی و سەقامگیریی هەموو کۆمەڵگە دەبێت”.

بڕینی بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، وەکو ئەوەی  خانزاد ئەحمەد  ئاماژەی پێ دا، “کاریگەرییەکی زۆری نەرێنی کردووەتە سەر ئەو دامودەزگایانەی کە بەرپرسن لە پاراستن و بەرەنگاربوونەوەی جۆرە جیاکانی توندوتیژی”.

25ی 11ـی هەموو ساڵێک لەلایەن رێکخرای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە رۆژی جیهانیی نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ژنان دیاریکراوە؛ بۆیە رۆژی شەممە، 25-11-2023، هەڵمەتی 16 رۆژ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان راگەیەندرا، هەر لەو چوارچێوەیەدا تا ئێستا چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدراون و هەڵمەتەکە بەردەوامە.

خانزاد ئەحمەد  دەڵێت: “ئێمە تەنها لەو 16 رۆژەدا کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی  ناکەین؛ بەڵکوو لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەردەوام کارمان بۆ ئەو مەبەستە کردووە. بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەنیدارەکان لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کاردەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی”.

ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان و گەشەپێدان بە پێویستی دەزانێت، “زانکۆکان زیاتر هاوکارمان بن بەمەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر هۆکارەکانی سەرهەڵدانی توندوتیژی دژی کچان، ئافرەتان، پیاوان و منداڵان و، بەرەنگاربوونەوەیان”.

رۆژی شەممە، 25-11-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژى جيهانيى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى دژى ئافره‌تاندا، لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردبووەوە، ئاماژەی بەوە کرد، “پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتانی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بە گشتی و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان بە تایبەتی، دووپات دەکەینەوە.”

حکومەتی هەرێمی كوردستان، وەکو ئەوەی لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە: “بەردەوامە لە کارکردن لە پێناو بنبڕکردن و سنووردانان بۆ دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لە ڕێگەی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە ناو حکومەت و جێبەجێکردنی یاساکان و کاراترکردنی ڕۆڵی دادگاکان و دەستگیرکردن و بە سزاگەیاندنی تاوانباران”.