حاکم ئازاد، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان: ڕۆژنامەی هەولێر، ڕۆژنامەی هەموو کوردستانە

نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ڕایگەیاند: ڕۆژنامەی ھەولێر، ڕۆژنامەی ھەموو کوردستانە، خێرایە لە گەیاندن، تا ئێستەش تیراژ و خوێنەری زۆرە. دەشڵێ: ئەم ڕۆژنامەیە جگە لە پاڵ ئەو بابەتانەی کە بڵاو دەکاتەوە گرنگی زۆری ھەیە بۆ ئەرشیف، تا ئێستەش توانیویەتی ئەرشیفێکی باش بێت بۆ ڕووداوەکانی ھەرێمی کوردستان.

حاکم ئازاد، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، دەڵێت: وەکو ئەنجوومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ساڵیادی ڕۆژنامەی ھەولێر پیرۆز دەکەم، ڕۆژنامەی ھەولێر، گرنگییەکەی لەوەدایە ھەر ڕۆژنامەی ھەولێر نییە، بەڵکو ڕۆژنامەی ھەموو کوردستانە، بەڵام لە ھەمان کاتدا دەربڕ و بزاڤەکەی ھی ئەوەیە کە ھەولێریش لە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردیدا، گرنگی و ڕۆڵی خۆی ھەبووە، ڕۆژنامەی ھەولێری مامۆستایان، گۆڤاری ھەولێر، گۆڤارێکیش لە ساڵی حەفتاکان لەلایەن محەممەد مەولود مەمەوە ھەر لە شارەوانی ھەولێر دەردەچوو، بۆ ماوەیەک تەلەڤزیۆنیش ھەبوو ھەر بە ناوی ھەولێر، ڕۆژنامەی ھەولێریش لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە تا ئێستە کە ھەژدەیەمین ساڵیادیەتی جگە لەو مێژووە دوورودرێژەی کە ھەیەتی، بێگومان سەرەتا ڕۆژنامەی ھەولێر، وەکو ھەولێر پۆست دەردەچوو، پۆستەکە زیاتر مەبەستەکەی ئەوە بوو، کە ئەو کاتە سۆشیال میدیا و تەکەنەلۆژیای میدیا ھندە پێشکەوتوو نەبوو، ڕۆژنامەی ھەولێر ھەوڵی دا وەکو ڕۆژنامەیەک زانیارییەکان بەخێرایی بڵاو بکاتەوە بەخێرایی بگەیەنێتە خوێنەر، گرنگی ڕۆژنامەی ھەولێر لەوەدایە، لە پاڵ ھەموو میدیاکان ڕۆژنامەیەکی جددی بوو، ئێستەش جددیە، جددیە بەو پێیەی کەناڵێکی فەرمی بووە، ھەوڵی داوە ڕێز لە کاری ڕۆژنامەنووسی بگرێت، گرنگی بە ڕاستگۆی بدات، ڕەچاوی ئەو پڕەنسیپانە بکات کە لە پڕۆفیشناڵی ڕۆژنامەگەری ھاتوون، من لە بیرمە لە یەکەمین سەروتاری ڕۆژنامەکە ھاتبوو ئێمە ڕیکلامی ئەوە ناکەین کە سەربەخۆین، بەڵام ڕەچاوی گرنگی ھەواڵ دەکەین، کە ئەوەش جەوھەر و گرنگی ڕۆژنامەگەرییە، ڕۆژنامەی ھەولێر تیراژێکی زۆری ھەیە تا ئێستەش تیراژ و خوێنەری زۆرە، ڕۆژنامەیەکە لە پلانی خۆیدا ھەوڵی داوە بەخۆڕایی بڵاوبێتەوە ئەمەش جۆرێک لە جۆرەکان، ھەوڵی دا زۆرترین ڕیکلام بکات ئەو کاتە ھەر بۆ زانیاری لە ساڵی ٢٠٠٩ ڕێکخراوێک ھەبوو کە سێرجی دەکرد بەناوی ئەپسس بارەگای لە ئیمارات و بەریتانیا بوو، ئەو ڕێکخراوە ڕۆژنامەی ھەولێری بە ژمارە یەک داناوە، ئەم ڕۆژنامەیە لە پاڵ ئەو بابەتانەی کە بڵاو دەکاتەوە گرنگی زۆری ھەیە بۆ ئەرشیف، ھەر کاتێک بگەڕێیەوە بۆ ڕووداوێک لە ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کە ئەرشیفی ئێمە لەناو سۆشیال میدیا نییە، ڕۆژنامەی ھەولێر تا ئێستەش توانیویەتی ئەرشیفێکی باش بێت بۆ ڕووداوەکان لە ھەرێمی کوردستان، دەتوانین بڵێین ئەمڕۆ زانیاریەکی باشی ھەیە کۆی ئەو ڕووداوانەی کە ھەن ڕایی سیاسیی لەسەر بڵاو بکاتەوە ڕایەکانی ڕۆژنامەی ھەولێر گرنگن، لە پال ھەمەلایەنی خۆشی وەکو ڕۆژنامەیەک لای خۆیەوە ھەوڵی داوە ڕایەڵە و ڕەھەندەکانی زیاتر بێت، لە پاڵ ئەوانەش ھەواڵی وەرزشی و ھونەری بڵاو دەکاتەوە.