پارتی بارەگاکانی لە شارەدێی وانکێ کردەوە

      

پارتی جارێكی دیكە بە فەرمی بارەگاکانی لە شارەدێی وانكێ لە سنووری پارێزگای نەینەوا كردەوە و ئاھەنگێكی جەماوەری بۆ سەرخستنی لیستەکەی بەڕێوەبرد.

نازم هەرکی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی نەینەوای پارتی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، “پشتیوانیی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی وانکێ بۆ لیستی 197ـی پارتی، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە، کە خەڵکی ئەم شارەدێیە متمانەی بە پارتییە و دەنگ دەدات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەربکەوێت”.

عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی 14ـی پارتی لە نەینەوا ئاماژەی بەوە کرد، “دوای هاتنی داعش بارەگاکانی پارتی لە وانکێ نەمابوون. خەڵکی ئەم شارەدێیە پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە لە رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش، بۆیە وەکو رێزێک بۆ ئەم خەڵکە، بارەگاکانمان کردەوە”.

ئیبراهیم مەحموود، کاندیدی پارتی لە وانکێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکەدا سەربکەوێت، خزمەتگوزارییەکان دەگەیەنێتە شارەدێیەکە.

ئیبراهیم دەڵێت، “ئەگەر بوومە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، خزمەتی ناوچەی نەینەوا و خەڵکی خۆمان دەکەین. داعش ئەم پارێزگایەی وێرانکردووە، لەبەر ئەوەی کوڕی ئەم ناوچەیەین، پێویستە خزمەتگوزارییەکانی بۆ دابین بکەین”.

هاوکات حەسەن یوسف، کەسایەتیی دیاری ناحیەی وانکێ ئاماژەی بەوە کرد، “پارتی لە ھەر شوێنێك بێت خزمەتی خەڵك دەكات و ئاوەدانی و ئارامی دەگەڕێنێتەوە ناوچەكە”.

بڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. زیاتر لە 23 ملیۆن و 368 هەزار کەس دەتوانن لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بدەن.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە و پارێزگای کەرکووکیش 15 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.