لە پێنجوێن زیاتر لە 550 مین و پارچە تەقەمەنی تەقێندرانەوە

تیمەکانی دەزگای گشتی کاروباری مین زیاتر لە 550 مین و پارچە تەقەمەنی لە سنووری قەزای پێنجوێن تەقاندنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 5ی کانوونی یەکەمی 2023، دەزگای گشتیی کاروباری مین بڵاویکردەوە، لە درێژەی کار و چالاکییەکانی لە ناوبردنی مین و تەقەمەنی؛ تیمی تەقاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین/سلێمانی، زیاتر لە 564 مین و پارچە تەقەمەنی جۆراوجۆری لە پڕۆسەیەکی تەقاندنەوەی سەرکەوتووانەدا لەناوبرد.

جەبار مستەفا رەسووڵ، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “بەهۆی بوونی شەڕی گەرمی نێوان عێراق – ئێران، قەزای پێنجوێن لە هەرێمی کوردستان بە یەکێک لە ناوچە پیسبووەکان بەمین و تەقەمەنی دادەندرێت؛ بۆیە دەزگای گشتی کاروباری مین لە ڕێگەی تیمەکانیەوە بەردەوام لە هەوڵی پاککردنەوەی ئەو کێڵگەمینانەدایە”.

جەبار مستەفا رەسووڵ گوتی، “ڕووبەری پیسبووی پێنجوێن بە مین و تەقەمەنی ئەوەندە زۆرە، تیمەکانی مینلابەری ڕۆژانە بە بەردەوامی سەرەڕای گرفتی هۆیەکانی گواستنەوە و بوونی قەیرانی دارایی؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ لەناوبردنی سەرجەم مین و تەقەمەنیەکان. ئەوەی ئەمڕۆش بەرهەمی تیمەکانی مینلابەرییە کە هەر مینێک بۆخۆی مەترسیەک بووە لەسەر گیان و ژیانی هاووڵاتییانی و ژینگەی سنوورەکە”.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 206 ملیۆن و 283 هەزار و 584 مەتر دووجا بەمین و تەقەمەنی پیسکراوە؛ لەو ڕووبەرە 100 ملیۆن و 844 هەزار و 217 مەتر دووجا پاککراوەتەوە و، پێنج هەزار و 225 حاڵەتی گیانلەدەستدان بەو هۆیەوە تۆمارکراون.