وەزارەتی پێشمەرگە وادەی دابەشکردنی مووچەی لیواکانی پیادەی راگەیاند

وەزارەتی پێشمەرگە وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ی لیواکانی پیادەی وەزارەتەکەی راگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە، 05-12-2023، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، “دوای ئەوەی هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی)، رێکارە دارایی و ژمێرییاریەکانی ئەنجام داون و بانکەکانی ئاگادارکردوونەتەوە، رۆژی پينج شەممە، 07-11-2023، مووچەی مانگی 11ی 2023ـی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت”.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 27-11-2023، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای زیاتر لە ساڵێک دابڕان و دوورکەوتنەوە؛ لە رێوڕەسمێکدا  گەڕایەوە سەر کارەکەی لە وەزارەتی پێشمەرگە.

لە کۆی زیاتر لە 180 هەزار پێشمەرگە کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن؛ 44 هەزاریان لە چوارچێوەی 15 لیوای هاوبەش لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە رێکخراونەتەوە. ئەمەریکا مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار (25 ملیار دینار) بۆ مووچەی ئەو 44 هەزار پێشمەرگەیە خەرج دەکات.

چاوەڕێش دەکرێت لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا حکومەتی فیدراڵی بۆ مووچەی مانگی 9ـی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان؛ 700 ملیار دینار لەلایەن هەر سێ بانکی “رەشید، رافیدەین و ئەی تی ئێم”ەوە بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.