حەسەن شێخانی، سەرۆکی لیستی ١٩٧ی پارتی لە کەرکووک: خەڵکی کەرکووک ئومێدیان بە کارنامەی لیستی پارتی و کاندیدانی هەیە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ لیستی ١٩٧ی پارتی بەشێوەیەکی زۆر ئارام و ڕێکوپێک بەردەوامە، خەڵکی کەرکووکیش بۆ ئایندەی شارەکەیان پشتگیری لە کاندیدەکانی پارتی دەکەن. بەرپرسانی پارتییش لەو شارە، دەڵێن: پارتی بەرنامە و پلانی تایبەت بەخۆی ھەیە بۆ شارەکە و کۆتایی بە دەستەڵاتی خۆسەپێن دەھێنین و کار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دەکەین.

کورد لە کەرکووک دوای ساڵی ٢٠٠٣ و لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئازاد بوو، بەڵام لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە جاریکی دیکە ستەمی لێ کرایەوە و زەوی داگیر کرایەوە و کەسایەتییەکەی پێشێل دەکرێت و لە ھەموو خزمەتگوزارییە گشتییەکانی شارەکە بێبەش کراوە، وێڕای قۆرخکردنی دەستەڵات و پۆستە ئیدارییەکانی.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تائێستە دوو ھەزار خێزان لە ئاوارەکانی دوای ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە سنووری ھەولێر ماون، بۆ بەشداریکردن لە دەنگدانیش دەبێت لە کەرکووک دەنگ بدەن.
لە ھەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە بڕیارە ١٨-١٢-٢٠٢٣ بکرێت، پارێزگای کەرکووک کە ١٥ کورسی بۆ دانراوە، ملیۆنێک و پەنجا و سێ ھەزار و دوو سەد و ھەشتا و چوار دەنگدەری ھەیە. بەگوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، جگە لە ئاوارەی نێو کامپەکان، بۆ ھەڵبژاردن دەبێ دەنگدەران بگەڕێنەوە بۆ پارێزگا و ناوچەکانیان.
لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە، لە کەرکووک تەنیا یەک جار و لە ساڵی ٢٠٠٥ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراوە، لەکاتێکدا لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق سێ جار ئەو ھەڵبژاردنە کراوە.
پارتی لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک و دیالە بە لیستی سەربەخۆ و ژمارە ١٩٧ بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات، پارتی لە دانانی کاندید ڕەچاوی پێکھاتەکانی ناوچەکانی کردووە و کاندیدەکان لە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان پێکھاتوون، بە پشتیوانی دەنگدەر و جەماوەرەکەی ھەوڵدەدات زۆرترین کاندید سەربخات.
دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، ھێزە عێراقییەکان دەستیان بەسەر بارەگاکانی پارتی لە کەرکووکدا گرت، دوای شەش ساڵ پارتی بارەگای لقی سێی خۆی لە شاری کەرکووک کردەوە و دەستی بە بانگەشەیەکی بەرفراوان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد.
بەپێی دەستوور کەرکووک شارێکی جێ ناکۆکە و ماددەی ١٤٠ مافی بە ھەر دوو حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان داوە بە ھاوبەشی بەڕێوەببەن، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر پێگەی کورد لە حکوومەتی خۆجێی کەرکووک لاواز بووە، ھەوڵی تورکمان و عەرەبەکان بۆ نەکردنی ھەڵبژاردن ئەوە دەگەیەنێت ترسیان ھەیە پێگەی کورد لە کەرکووک بەھێز بێتەوە.
خەڵکی کەرکووک ھێندە دڵخۆشن بە گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکووک ڕۆژانە بارەگای لقی ٣ی پارتی پڕە لە خەڵکی شاری کەرکووک و تەنانەت لە ڕۆژانی پشووش سەردانی بارەگاکە دەکەن.
کاندیدەکانی پارتی بەردەوام لەناو خەڵکدان و سەردانی خەڵک دەکەن و خەڵکیش پێشوازی زۆر باش لە کاندیدەکانی پارتی دەکەن، چونکە دەزانن پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوێت ماددەی ١٤٠جێبەجێ دەکرێت، بە جێبەجێ کردنی ئەو ماددەیە کلیلی ئارامیی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە. کاندیدەکانیش، دەڵێن، دەمانەوێت زۆرترین کورسی بەدەست بێنین و لەو ڕێگەیەوە زیاتر خزمەتی خەڵکی شاری کەرکووک بکەین.
حەسەن شێخانی، سەرۆکی لیستی ١٩٧ی پارتی لە کەرکووک، دەڵێت: وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور کار دەکەین، کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، چونکە بە جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە و سەرجەم کێشەکان چارە دەبن و ماف بۆ خاوەن ماف دەگەڕێتەوە و ئەو دۆخەی ئێستە دەگوزەرێت نامێنێت و ئارامی باڵ دەکێشێتە سەر ناوچەکە، ئەمەش وای کردووە ئێمە لە کارنامەی خۆمان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان جەختی لەسەر بکەینەوە و بیخەینە ئەولەویەتی کاری خۆمان لە ئێستە و داھاتوودا.
سەرۆکی لیستی ١٩٧ی پارتی لە کەرکووک، دەشڵێ: خەڵک بە گەڕانەوەی پارتی دڵخۆشن، چونکە گەڕانەوەی پارتی بۆ ئەو شارە گەڕانەوەی کەرامەت و شکۆیە بۆ شارەکە، بەپێی ئەو پێشێوازییە گەرمەی لە ئێمە دەکرێت پێشبینی دەکرێت ئەم جارە کورد و بەتایبەت پارتی دەنگ و کورسیی زۆر بەدەست بێنێت، چونکە ئەمجارە خەڵک پێیوایە ئەم ھەڵبژاردنە چارەنووسسازە و بۆ ئایندەی کەرکووکە، بۆیە بە ھەموو شێوەیەک پێشوازییەکی باش لە کاندیدەکانی پارتی دەکرێت و دەنگێکی باش بەدەست دێنین، ئێمەش وەکو پارتی بەرنامەیەکی باشمان ھەیە بۆ ئەوەی لە ئایندەدا خزمەت بە خەڵکی کەرکووک بکەین و ھەموو پێکھاتەکان پێکەوە بە ئارامی بژین بێ جیاوازیکردن.
مامۆستا حەسەن شێخانی، سەرۆکی لیستی ١٩٧ی پارتی لە کەرکووک، زیاتر دەڵێ: لایەنەکانی دیکە ترسیان لە پارتی ھەیە کە سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێت، ھەر بۆیە دژایەتی پارتی دەکەن و پۆستەر و وێنەی کاندیدەکان دەدڕێنن، بەڵام ئەوە ئێمە سارد ناکاتەوە و بەردەوام دەبین لەپێناو خەڵکی بەشەرەفی کەرکووک، داوا لە دەنگدەرانی سنووری پارێزگای کەرکووک دەکەم دەنگ بە لیستی پارتی و کاندیدەکانی بدەن، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتیان بکەین.