پێشەکەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاستیدایە

چواس خالید – هه‌ولێر

سه‌رباری بیانوگرتن و نه‌ناردنی به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌، له‌سه‌ر داهات و بودجه‌ی شاره‌وانییه‌كان و له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، چه‌ند پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.

له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌تی شاروانی و گه‌شتوگوزار، بۆ ڕێگریكردن له‌ دروستبوونی لافاو و چاره‌كردنی گرفتی كۆبوونه‌وه‌ی ئاوی باران، پڕۆژه‌یه‌كی دروستكردنی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی له‌ بنه‌سڵاوه‌ی هه‌ولێر ده‌ستی پێكرد.
ئه‌و پڕۆژه، به‌سه‌رپه‌رشتیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ پڕۆژه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی ١٢٠ سم، به‌ درێژایی دوو سه‌د و په‌نجا مه‌تر، به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی ئاوی ئاوه‌ڕۆ و ئاوی بارانی به‌شێكی بنه‌سڵاوه‌، كه‌ له‌ ناوچه‌ی پڕۆژه‌ی ئاڵتوون ستی گرفتی لافاوی دروست ده‌كرد.
له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا شه‌قامی شازده‌ گه‌ڕه‌ك له‌ ناحیه‌ی بجیل له‌ قه‌زای ئاكرێ و ده‌وروبه‌ری، كۆنكرێت و قیرتاو كردنیان كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
پڕۆژه‌كه‌ كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردنی شه‌قامه‌كانی شازده‌ گه‌ڕه‌ك له‌ ناحیه‌ی بجیل له‌ قه‌زای ئاكرێ و ده‌وروبه‌ری، له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان، له‌لایه‌ن كۆمپانیای ناوخۆییه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.
مه‌ودای كۆنكرێتكردن و قیرتاوكردنه‌كه‌ به‌ درێژایی دوو هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا مه‌تره‌، كه‌ تا ئێستا زیادتر له‌ ٤٠%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌، جیا له‌ ئاسانتر كردنی هاتووچۆی هاووڵاتیان سودی بۆ زیادتر له‌ ٣٠٠ ماڵی سنووره‌كه‌ ده‌بێت.
هاوكات هه‌ر له‌ ماوه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوودا، به‌ گوژمه‌ی نزیكه‌ی شه‌ش ملیار دینار، به‌ردی بناغه‌ی بنیاتنانی چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ زاخۆ داندرا.
له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ژێر چاودێری گوهدار شێخۆ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، ٢٩ی تشرینی دووه‌م، به‌ردی بناغه‌ی بنیاتنانی چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ داندرا.
تێچووی بنیاتنانی ئه‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ی له‌و سنووره‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت، پێنج ملیار وحه‌وت سه‌د و شه‌ست و حه‌وت ملیۆن و پێنج سه‌د و هه‌شتا و شه‌ش هه‌زار دیناره‌، كه‌ له‌ هه‌ردوو قه‌زای باتیفان و ناحیه‌ی ده‌ركارێ له‌ سنووری زاخۆ جێبه‌جێ ده‌رێت.
پڕۆژه‌كان پێكهاتوون له‌، دروستكردنی ڕێڕه‌وی ئاوه‌ڕۆ له‌ سه‌نته‌ری قه‌زای باتیفان و ناحیه‌ی بێگۆڤا، دروستكردنی شۆسته‌كانی شه‌قامی ١٥ مه‌تری، چاندنی دار و دانانی ستونی ڕووناككردنه‌وه‌ی جووت ساید و شه‌قامه‌كان له‌ قه‌زای باتیفا، ڕۆنانی ڕێگه‌ی گونده‌كانی شێرخواسكێ، ئاڤهێ تا بارهۆلێ، گوڤكا سه‌ری، غۆلدیا، مێسكی له‌ ناحیه‌ی بێگۆڤا.
هاوكات دروستكردنی ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی هیزاوه‌ – ده‌ركار، به‌ درێژایی هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا مه‌تر.
جیا له‌وانه‌ و حه‌فته‌ی ڕابردوو قۆناغی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی بنیاتنانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دهۆك ڕاگه‌یه‌ندرا.
به‌ گوژمه‌ی دوازدە ملیۆن و هه‌شت سه‌د و سی و دوو هه‌زار دۆلار، فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ڕووبه‌ری هه‌زار هێكتار زه‌وی له‌ دهۆك بنیات ده‌نرێت.
به‌ فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌خشه‌یه‌كی نوێ بۆ فڕۆكه‌خانه‌كه‌ داندراوه‌ و ئێستا قۆناغی یه‌كه‌می كاری نه‌خشه‌سازی و پێداچوونه‌وه‌ به‌ پڕۆژه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ ته‌واو بووه‌ و ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
سه‌رباری درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی و نه‌ناردنی به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌ به‌ بیانوی بێ بنه‌ما، له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕۆنان و بنیاتنانی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌رده‌وامه‌، به‌جۆرێك ڕۆژانه‌ و هه‌فتانه‌ چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ كوالتی به‌رز پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیان ده‌كرێت.