جەواد قادر، سەرنووسەری پێشووتری ڕۆژنامەی هەولێر: لە ڕێفراندۆمدا ڕۆژنامەی هەولێر ڕۆڵێکی زۆر گەورەی گێڕا لە تاودانی ڕای گشتی

پێم وایە لەسەردەمی شەڕی داعش، ڕۆژنامەی هەولێر توانی ڕۆڵێکی باش بگێڕێت بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە نیشتیمانیانەی کە هەبوو لە هەرێمی کوردستاندا. هێشتا هەر بە تیراژێکی زۆر، وە بە خوێنەرێکی یەکجار زۆر بڵاودەبووەوە، ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە دەبوایە بیگێڕێت گێڕای. لەسەردەمی ڕێفراندۆمدا ڕۆژنامەی هەولێر ڕۆڵێکی زۆر گەورەی گێڕا لە تاودانی ڕای گشتی، ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بۆچی بەرەو ڕێفراندۆم دەچێ و بۆچی پێویستی بە قۆناغێکی نوێ هەیە. دوای ڕێفراندۆم و تا ئێستایش، ڕۆژنامەی هەولێر بەهەمان پاڵپشتی مەعنەوی و بەو بەرچاوڕوونییە نیشتیمانییەی کە هەیبووە و لەسەرەتاوە بەردەوام بووە، بەڵام بەو گۆڕانکارییە ڕیشەییەی کە فەزا بۆ ڕۆژنامەگەری کاغەز لە سەرانسەری دونیا گۆڕا و لە هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوە بوو. من پێم وایە لە هەرێمی کوردستاندا هێشتا ڕۆژنامەی کاغەز پێویستە هەبێت، چونکە لە ڕۆژنامە ڕەئی دەگوترێت و ڕەئی دروست دەکات. لە زۆربەی وڵاتانی وەکو سوید و ئەمریکا و توڕکیا و ئێران، هێشتا ڕۆژنامەی کاغەز وەکو جاران بەردەوامە، ڕۆژنامەی هەولێر دەتوانێ بەردەوام بێت وەکو کاغەز بە تیراژی زۆر. هیچ پێویست ناکات کە بکەوێتە ژێر ئەو کاریگەرییەی کە سۆشیالمێدیا هەیەتی، چونکە سۆشیالمێدیا کاریگەریی خۆی هەیە و جیاوازە لە ڕۆژنامەی کاغەز، لە ڕۆژنامەی کاغەزدا هەموو کەسێک ناتوانێ قسە بکات، دەبێ ئەو کەسەی کە قسە دەکات و ئەو کەسەی کە ڕاپۆڕت درووست دەکات، کارەکە بزانێت و خاوەنی ڕەئی بێت، وە پێچەوانەی سۆشیالمێدیایە کە هەموومان بەیەکەوە لەیەک کاتدا قسە دەکەین و گوێ دەگرین. پێم وایە دەبێ ڕاگەیاندنی پارتیمان هەوڵ بدات ڕۆژنامەی هەولێر جێگیرتر بکات بە برەوی زیاتر و تیراژەکەی زۆر زیاتر بێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە پاڵپشتی مەعنەوی دەکرێ، بەڵام دەبێ پاڵپشتی تریشی هەبێت و دەبێت ڕۆژنامەی هەولێر بکاتە تاکە ڕۆژنامەی دوورە حزبی، کە برەوی هەبێت لە هەموو کوردستان و ڕێگە بدات بە هەموو حزبەکان و بیروڕا جیاوازەکان، کە لەوێدا خۆیان ببینن و بتوانن گفتووگۆ بکەن. لە سەردەمێکدا کە ڕۆژنامە زۆر بە خراپی چووە ژێر کاریگەریی سۆشیالمێدیا و وێبسایتەوە، ڕۆژنامەی هەولێر توانی بەرگریی بکات، بۆ ئەوە پێویستی بە نووسەری زۆر باش هەیە، کە ئێستایش نووسەری زۆر باشی هەیە. هەروەها پێویستی بە ڕۆژنامەنووسی زۆرباش و تەکنیکی زۆرباش دەبێت، پێویستی بەوە دەبێت کە بەیانیان ڕۆژنامەی هەولێر بۆلای خوێنەر چوو بتوانێ مونافەسەی سۆشیالمێدیا بکات، ئایا ئەوە دەکرێت؟ لە تورکیا و ئێران و زۆربەی وڵاتانی ئەورووپی ئەوە کراوە، بۆچی نابێ لێرە بکرێ؟! بەهیوای ئەوەی ڕۆژنامەی هەولێر بتوانێ بەردەوام بێت و بەهێزتر و برەوی زیاتر بێت، بتوانێ ببێتە ئەلتەرنەتیڤێکی باش بۆ سۆشیالمێدیا لە سەردەمی ئێمەدا.

ھەواڵی زیاتر