بڕیارە ئەمڕۆ پێشانگای “دەستی زێڕین” لە شاری هەولێر بکرێتەوە

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی لە شاری هەولێر بە هاوکاری ڕێکخراوی “مەسەلە” پێشانگایەکی تایبەت بۆ نمایشکردنی کارە دەستییەکانی ئافرەتان بە ناوی پێشانگای (دەستی زێڕین) لە پێشەنگای نێودەوڵەتی هەولێر بکرێتەوە.

لەئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە خانمانی دەستڕەنگین لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هەن کە خاوەن بەهرەی خۆیانن لە بوارێکی تایبەتدا و هەوڵیانداوە بەڕەنج و ماندووبوونی خۆیان داهاتێک بۆ خۆیان دەستبخەن و ببنە خاوەن کاری تایبەتی خۆیان تا پێویستیان بە هاوکاری کەسانی دیکە نەبێت و بتوانن لەسەرپێی خۆیان بوەستن.
زۆرینەی ئەو خانمانە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک پلاتفۆرمێک بەکاردەهێنن بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان و هەرجارێکیش پێشانگایەک هەبێت دەیانەوێت بەشدار بن بۆ زیاتر ناساندنی بەرهەمەکانیان.
بۆ زیاتر برەودان بە تواناکانی ئافرەتان بڕیارە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بۆ پاڵپشتی کردنی ئافرەتانی دەستڕەنگین پێشانگای ( دەستی زێڕین ) بکرێتەوە کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە کاتژمێر ٩ی بەیانی بۆ ٦ی ئێوارە کراوە دەبێت.
پێشانگای دەستی زێڕین، بە هاوکاری رێکخراوی “مەسەلە” بۆ پشتگیریکردنی ئافرەتانی دەست ڕەنگینە، ئەوانەی کە بەشدار دەبن، هاووڵاتیی دانیشتووی شاری هەولێرن و ئامانج لە کردنەوەی پێشانگاکەش، پەرەپێدانی تواناکانی ئافرەتان و دۆزینەوەی بازاڕی کارە بۆ ئافرەتان، هەروەها پشتیوانی ئابووری ئافرەتان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ دەرخستنی بەهرەکانیان.
یەکێک لە ڕێکخەرانی پێشانگاکە ئاماژەی بەوەكرد :” ژمارەی ئەو ئافرەتانەی لە پێشانگاکەدا بەشداری دەکەن نزیکەی ١٥٠ ئافرەتە و هەموویان بە کاری خۆیان بەشدارن و دەتوانن کارە دەستییەکانی خۆیان بۆ فرۆشتن نماییش بکەن و داهاتی کارەکانیشیان بۆ خۆیانە.

ھەواڵی زیاتر