بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد .

بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد .

ئەمڕۆ ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ ، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێم پێشوازی لە بەرێز د.تۆرکیڵد بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەولێر کرد .

لەو کۆبوونەوەیەدا،وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگیەوە باسی لە پرس و پرۆسەی چاکسازی کرد لە وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها ڕایگەیاند:ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە ئامانج و بنەمای کارکردنمان بۆ بەئەنجام گەیاندنی پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیە لە پێناو درووستبوونی هێزێکی تۆکمەی نیشتمانی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە ڕۆڵی وڵاتانی سەر بە یەکێتی ئەوروپای بەرزنرخاند لە بەرامبەر هەماهەنگی و پاڵپشتی بەردەوامیان بۆ گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها وتیشی : لە ڕابردوودا وڵاتانی بەشدار لە یەکێتی ئەوروپا لە بەرامبەر هەموو ئەو کارەسات و ڕووداوانەی بەسەر گەلەکەمان دا هاتووە هاوخەم بوون لەگەڵمان ، لە ئێستاشدا دڵخۆشین دۆستەکانمان لە هەموو جیهان و یەکێتی ئەوروپا هاوکار و پاڵپشتمانن لە پرۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

د.تۆرکێڵد ستایشی پێشوازیی و هەوڵەکانی وەزیری پێشمەرگەی کرد لە بەرامبەر پرسی چاکسازی و هەوڵەکانی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا. هەروەها وتیشی: ئێمە لە یەکێتی ئەوروپا پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین لەم پرسە گرنگ و چارەنوسازەدا. هیوادارین هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئارام و سەقامگیر و ئاشتیدا بێت .