بەسەرپەرشتی پارێزگارى هەولێر، لیژنەی ئەمنی پارێزگا کۆبووەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 2023.12.4، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بە داڕشتنى پلان و ئامادەکاری تایبەت بە بەڕێوەچوونى پڕۆسەى دەنگدانى هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی (موسڵ – کەرکوک) و دانانی (19) بنکەی دەنگدان بۆ ئاوارە و پەناهەندەى کەمپەکان و دەنگدانى تایبەت لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، بە ئامادەبوونى ئەندامانى نووسینگەى هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەى لیژنەی ئەمنی پارێزگاى هەولێر بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى دابینکردنى سەرجەم پێداویستییەکان بۆ سەرکەوتن و باش بەڕێوەچوونى پڕۆسەى هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی (موسڵ – کەرکوک) کرا، کە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر (7) بنکە لە نێو کەمپەکان بۆ دەنگداندانى ئاوارەکان و (12) بنکەش بۆ دەنگدانى تایبەت دیاریکراوە، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر جەختى لە ئامادەباشی سەرجەم هێزەکانی ناوخۆ و گرتنەبەرى هەموو ڕێکارێکى پێویستى تیمە تەندروستییەکان و بەرگرى شارستانى و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کردەوە بۆ بە جێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە ڕۆژى دەنگدان کە 16ى ئەم مانگە دیاریکراوە.

لە تەورێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشى لە سەرجەم هێزەکانى (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانى، پۆلیسی هاتووچۆ، بەرگرى شارستانى، تیمە تەندروستییەکان) کرد، لە بەرامبەر هاوکارى و هەماهەنگیان لەگەڵ یەکتر لە پاراستنى ئاسایش و ئارامى هەولێرى پایتەخت و سەر و ماڵ و گیانى هاوڵاتییان و بەرقەراکردنى یاسا و نەهێڵانى دیاردە ناشارستانى و دزێوەکان و تەئکیدى لە پتەوکردنى ئەو هەماهەنگییەى نێوانیان کردەوە.

لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر وەک هەمیشە سوپاسى هاوڵاتیانى سنوورى پارێزگاى هەولێر کرد، کە بەردەوام هاوکار و هەماهەنگ بوونە لەگەڵ دەزگا و دامەزراوە حکومى و هێزە ئەمنیەکانى ناوخۆ.