ڕائیب جادر – هەولێر
پێکهاتەکانی سنووری پارێزگای مووسڵ پاڵپشتی لە لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، دەڵێن، لیستی پارتی تەمسیلی هەموو پێکهاتەکانی شارەکە دەکات. بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی پارتی لە مووسڵ، دەڵێت: بەباشی خۆمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئامادەکردووە، هەموو پێکهاتەکانی شارەکە ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە دەنگ بە لیستی ١٩٧ی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەدەن.
پێکهاتەکانی مووسڵ و ناوچە کوردستانییەکان، دەڵێن: لیستی ١٩٧ی پارتی لیستی خوێنی شەهیدانە، لیستی بەرگری کردنە لە کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، چونکە تەنیا پارتی بووە خۆی لە ناوچە کوردستانییەکان کردووەتە خاوەن، هەر ئەوەش وای کردووە پشتگیری لە لیستی پارتی بکەین و ڕۆژی هەڵبژاردن ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەین و دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەین، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی ناوچەکانی ئێمە لە داعش ڕزگار کرد، ئێمەش وەکو پێکهاتەکان بە دەنگی خۆمان ئەو پاداشتەی پارتی دەدەینەوە.
بڕیارە لە ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێت کە زیاتر لە بیست و سێ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و حەوت سەد و شەست و پێنج بنکەی دەنگدان کە چل و هەشت هەزار و چل وێستگەی دەنگدان لەخۆ دەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ٥٢ کاندید لە هەموو پێکهاتەکان بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەکات.
زۆربەی پێکهاتەکانی نەینەوا پشتیوانی لە لیستی ١٩٧ی پارتی دەکەن و جگە لە دەنگدەرانی کورد، بەشێکی زۆری دەنگدەری عەرەبی مووسڵ بە تایبەتی عەرەبەکانی دەشتی نەینەوا و زوممار لە ڕۆژی ١٨ی مانگ دەنگ بە لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا.
مەناف حەسەن، بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی پارتی لە مووسڵ، دەڵێت: پارتی پەیامی پێکەوەژیان و تەبایی و ئاشتی بۆ شارەکە پێیە، هەر بۆیە لیستی ١٩٧ی پارتی زۆرترین ئومێدی لای خەڵکی مووسڵ دروست کردووە، هەروەها سوپاسی ئەو هەموو پێشوازییەی خەڵکی مووسڵ دەکەین بۆ لیستی پارتی، ئێمەش وەک پارتی بەڵێنیان پێ دەدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ جێی متمانەی ئەو دەنگدەرانەبین کە متمانە بە پارتی و کاندیدانی دەدەن و داکۆکی لە مافی خەڵکی مووسڵ دەکەین و هەر داواکارییەکیان لە چوارچێوەی یاسادا بێت، کار بۆ جێبەجێکردنی دەکەین، هەوڵدەدەین لە چوار ساڵی داهاتوودا زۆرترین پڕۆژە بگەینینە ناوچەکانی مووسڵ .
بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی پارتی لە مووسڵ، گوتیشی: هەڵبژاردنی ١٨ی ئەم مانگە بۆ ئێمە وەک کورد گرنگە لەبەر ئەوەی دوای هەڵبژاردن حکوومەتی خۆجێی پارێزگاکان لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقەوە پێک دێت، کورد تا زۆرترین دەنگ بەدەست بێنێت زیاتر دەستەڵاتی دەبێت لە ناوچە کوردستانییەکان، بۆ ئەو مەبەستە لە سنووری مووسڵ ئامادەکاری باشمان بۆ هەڵبژاردن کردووە، بەتایبەتی دوای دروستکردنی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای مووسڵ توانیومانە زیاتر بچینە ناو سەنتەری شاری مووسڵ.