د. ئەشواق جاف، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان:لە عێراق ئەقڵییەتی مەرکەزی زاڵە نەک فیدڕالی

مەزهەر کەریم – سلێمانی

د. ئەشواق جاف، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەم گفتوگۆیەدا بە “هەولێر”ی ڕایگەیاند، هەنگاوەكانی سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕال لەوپەڕی بەرپرسیارێتیدا بووە و دەشڵێت: حكوومەتی هەرێمی كوردستان شەفافە سەرجەم ئەو دۆكۆمێنتانەی داوای لێدەكرێت خستویەتیە سەر مێزی گفتوگۆ.

*هەوڵەكانی سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا؟

  • سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم هەنگاوەكانی لەبەغدا پڕن لەبەرپرسیاریەتی، نموونەی پیاوی دەوڵەتە، هەموو هەوڵەكانی بۆ دەست خستی مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، بە بەردەوامی خاوەنی موبادەرەیە بۆ چارەسەركرنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، كار لەسەر دوژمنكاری بەرامبەر ناكات.
  • بیانوویەک ماوە بۆ نەناردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان؟
  • حكوومەتی هەرێمی كوردستان شەفافە سەرجەم ئەو دۆكۆمێنتانەی داوای لێدەكرێت خستویەتیە سەر مێزی گفتوگۆ، هیچ بیانویە لەلایی دەسەڵاتدارانی بەغدا نەهێشتوە، تا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەدەن و دوای بخەن.

*كێن فشار دەكەن لە حكوومەتی عێراق تا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەدات؟

  • فشارێكی سیاسیە لەلایەن هەندێك حزبی عێراقیەوە دەخرێتە سەر حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی مووچەی خەڵكی كوردستان نەدرێت، یەكێك لەهۆكارەكانی ئەمەش هەڵبژارنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقە، كە هەندێك لایەن وەك كارتێك بۆ كۆكردنەوەی دەنگ بەكاری دەهێنن.

*هەولێرو بەغدا لە گفتوگۆكانیاندا پشت بە دەستوور دەبەستن؟

  • لەم كابینەیەدا هەردوو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆكانیان لەچوار چێوەی دەستوردایە، هەنگاوەكانیان دەستووریە بۆ چارەسەركردنی شایستە دارایەكانی هەرێم بەڵام هەندێك لایەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان نایانەوێت حكوومەتی هەرێم و بەغدا چارەسەری كێشەكان بكەن ئەمەش بەهۆكاری ئەوەی بەچارەسەركرنی كێشەكان، ئەو لایەنانە لەبەغدا رۆلیان نامێنێت.

*مامەڵەی دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟

  • لەدوایی بیست ساڵ و گۆڕانی دەموو چاوەكان لەبەغدا،بەڵام هێشتا ژمارەیەك لەسیاسیەكانی عێراق بە ئەقلی دەوڵەتی مەركەزیەت بیردەكەنەوە بەتایبەت لە جێ بەجێ كردنی یاساكاندا.

*سەرنجتان لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی چییە؟

  • بەداخەوە بەشێك لەو كەیسانەی تایبەت نین بە دادگای فیدرالی یان سەربەو دادگایە نین لەوێ یەکلایی دەکرێنەوە، هەندێك لایەن بۆ كۆكردنەوەی چەند دەنگێكی زیاتر ئەو كەیسانە دەبەنە ئەو دادگایە كەلە ئەساسدا تایبەت مەندی ئەو دادگایە نیە.

*هەڵبژاردنی كوردستان تا چەند گرنگە لەكاتی خۆیدا بكرێت؟
-زۆر گرنگە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت، چونكە ئەگەر هەڵبژادن لەكاتی خۆیدا نەكرێت پرۆسەری دیموكراسی دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، دەبێت هیچ كەس و لایەنێك پەنا نەباتە بەر دواخستنی بەهەر بیانوویەک بێت.