وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: تا ئێستا زیاتر لە 151 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان دابەشکراوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، تا ئێستا بڕی زیاتر لە 151 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابەشکراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (3ـی کانونی یەکەمی 2023) وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی راگەیەندراوێکدا بڕی نەوتی دابەشکراوی بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند و تێیدا ئاماژەی بەوەدا، لە پارێزگای هەولێر؛ نزیکەی 60 ملیۆن لیتر دابەشکراوە، سلێمانی؛ نزیکەی 59 ملیۆن لیتر دابەشکراوە و لە دهۆکیش؛ نزیکەی 32 ملیۆن لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە، تائێستا نزیکەی 756 هەزار خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپی سوودمەند بوونە و دەکاتە زیاتر 58%ـی کۆی ژمارەی خێزانەکانی هەرێم.

پێشتریش کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان (بەوەکالەت) بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، ئەمساڵ زوو دەستمان بە دابەشکردنی نەوتی سپی کرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 600 هەزار خێزان نەوتی سپییان بەسەردا دابەشکراوە، وەک وەجبەی یەکەم هەموو خێزانێک بەرمێلێک نەوتی سپی وەردەگرێت، ئەمەش مانای وانییە کە دابەشکردنی نەوت بەردەوام نابێت، ئێمە بەردەوام لەگەڵ عێراقیش لە هەوڵداین کە بەشی نەوتی سپی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و ئەوان رەزامەندیان نیشانداوە کە پێنج ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە نەوتێکیان نەناردووە.

ئەوەشی راگەیاندبوو، کاتێک وەزیری نەوتی عێراق و شاندی یاوەری سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەسەر پرسی نەوت  لەگەڵ تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، ئێمە بە ئەوانمان راگەیاند، ئێوە هەر لیتریك نەوت بە چ  نرخێك بە هاووڵاتییانی خۆتان دەدەن، هەر بەو نرخەش بیدەن بە هاووڵاتییانی ئێمە، عێراق هەر لیترێک بە 150 دینار دەداتە هاووڵاتییانی خۆی، بەڵام بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەر لیتری بە 500 دیناری کردووە، بەنزینیش بە نرخی 450 دینار بۆ هەر لیترێک دەداتە هاووڵاتییانی خۆی، بەڵام بە 650 دینار بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت.

گوتیشی: ئەگەر عێراق بەشە نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکات بۆ جارێکی دیکە دابەشکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.