مەسعود حەیدەر لەبارەی وەرگرتنەوەی دەسەڵاتەکانی: کێشەیەکی یاساییە و چارەسەریی پێویستە

مەسعود حەیدەر لەبارەی وەرگرتنەوەی دەسەڵاتەکانی وەک بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، “کێشەیەکی گشتیی یاسایی دەوڵەتە و پێویستی بە چارەسەر ھەیە”.

بە گوێرەی یاسای گشتیی بودجەی عێراق بۆ هەر سێ ساڵی 2023، 2024 و 2025، نابێت حکومەتی ئێستای عێراق هیچ پۆستێکی بەوەکالەتی تێدا هەبێت. لەو چوارچێوەیەدا دەسەڵات لە هەموو ئەو بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییانە وەردەگیرێتەوە کە بەوەکالەت دانراون؛ بۆیە دەسەڵات لە مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی و عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقی کە هەردووکیان کوردن، وەردەگیرێتەوە.

مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، “بە پێی ماددەی 71ی یاسای بودجەی فیدراڵی، ھەموو ئەو بەڕێوەبەرە گشتی، وەکیل وەزارەت و راوێژکارانەی بە وەکالەتن و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەداوە، ژمارەیان چەندین ھەزار پلە تایبەتە، لەبەرواری 01-12-2023، ناتوانن دەسەڵاتی یاسایی ئەو پۆستانە بەکاربهێنن. “

مەسعود حەیدەر جەختیش دەکاتەوە، ئەوان “پابەندی یاسان و کێشەیەکی گشتی یاسایی دەوڵەتە و پێویستی بە چارەسەر ھەیە بە ھەماھەنگی نێوان حکومەت و پەرلەمان”.

هاوکات مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەگوێرەی ماددەی 71 لە یاسای گشتیی بودجەی عێراق، پێویستە کۆتایی بە هەموو دەسەڵاتەکانی راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک بهێندرێت، چونکە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە هەڵنەبژێردراوە.

قەرەنی ئاماژەی بەوەش کرد، “بەگوێرەی هەمان ماددە، پێویستە لە ماوەی 30 رۆژدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ناوی ئەو وەکیل وەزیر، پلە تایبەت و بەڕێوەبەرە گشتییانە رەوانەی پەرلەمان بکات کە بڕیاردەدات لە پۆستەکانیاندا جێگیربکات؛ پەرلەمانیش پێویستە لە ماوەی 30 رۆژدا پەسندیان بکات”.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت، “پێشبینی دەکرێت دوای پشووی ئێستای پەرلەمان و سەری ساڵی نوێ، پەرلەمان دەنگ لەسەر ئەو ناوانە بدات و جێگیریان بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا دیارنییە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردەدات کێ جێگیربکات و کێ بگۆڕێت”.