رێکخراوی هەنگاو: لە هەشت مانگی رابردوودا 16 کۆڵبەر لە سنووری بانە کوژراون

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، لە هەشت مانگی رابردوودا، بە ئۆتۆمبێل و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران؛ 16 کۆڵبەر لە سنووری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و 82ـی دیکەش بریندار بوون.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راگەیەندراوێکدا نوێترین ئاماری کورژان و برینداربوونی کۆڵبەرانی لە سنووری شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە هەشت مانگی دوای نەورۆزی ئەمساڵەوە 16 کۆڵبەر کە یەکێکیان گەنجێکی تەمەن 17 ساڵە؛ لە سنووری بانە کوژراون.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ماوەی 70 ڕۆژی ڕابردووشدا لانیکەم 82 کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری شاری بانە برینداربوون.

ڕێکخراوەکە ڕوونیشی کردووەتەوە، لەو 16 کۆڵبەرەی کوژراون، دوو کەسیان بە ناوەکانی، ڕەسووڵ گاگەشی، باوکی پێنج منداڵ و خەڵکی شاری سەردەشت و، محەممەد لەتیف ئەحمەدپوور، تەمەن 26 ساڵ، خەڵکی شاری بانە و باوکی منداڵێک، خراونەتە ژێر ئۆتۆمبێلی هێزە چەکدارەکانی ئێران و 14 حاڵەتی دیکەش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە کوژراون. هەروەها فارووق عەلیزادە کە گەنجێکی تەمەن 17 ساڵە، یەکێک لە کوژراوەکانە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لەم دواییانەدا کوشتنی کۆڵبەران لە سنووری بانە زیادیکردووە و شەش کەس لە کۆی ئەو 16 کۆڵبەرە کوژراوەی هەشت مانگی پێشوو لە 34 ڕۆژی ڕابردوودا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.

ساڵانە لە سنوورەکانی کوردستان کۆڵبەران بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەکانەوە و، ڕەقهەڵان لەناو بەفر و شەختە، هەرەسهێنانی ڕنوو، تەقەی ڕاستەوخۆ و لێدان و توندوتیژی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەکوژرێن و بریندار دەبن.