سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاوشانی سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان لە لوتکەی جیهانی کەشوهەوا بەشدارن

28ـەمین لوتکەی جیهانی کەشوهەوا لە وڵاتی ئیمارات دەستی بەکارەکانی کرد، کە یەکێکە لە گەورەترین دیدار و چالاکییە ساڵانەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاوشانی سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان لە لوتکەکەدا بەشدارن.

رۆژی هەینی (1ـی کانوونی یەکەمی 2023) لوتکەی جیهانی کەشوهەوا لە دوبەی بە ئامادەبوونی سەرۆک، پادشا و سەرکردەکانی جیهان دەستی پێکرد، کە هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمی دەوڵەتی ئیمارات بەشدارن.

هەر لەمیانی بەڕێوەچوونی ئەو بۆنە نێودەوڵەتییە کە هاکاتە لەگەڵ رۆژی نیشتمانی دەوڵەتی ئیمارات، ئێوارەی رۆژی هەینی (1ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە شاری دوبەی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشدارییان لە رێورەسمی دابەشکردنی خەڵاتی زاید بۆ بەردەوامیی (جائزة زايد للاستدامة) كرد.

هەردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان و کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکانی بەشدار لە لوتکەکە گفتوگۆ و دیداری گرنگیان هەیە و جەخت لە گرنگی رۆلی هەرێمی کوردستان و لە ناوچەکە دەکەن لە پرسە جهیانییەکان، لەوانەش گۆڕانی کەشوهەوا.

لە 28ـەمین لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا، باس لەو ئاستەنگانە دەکرێت کە  لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا، رووبەڕووی جیهان دەبنەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشدارانی لوتکەکە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان تاوتوێ دەکات.

دوای گەیشتنی بۆ ئیمارات، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، “خۆشحاڵم کە لە ئیماراتم بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا، پشتگوێخستنی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بژاردە نییە و وەک گەلێک و بەشێک لە ناوچەکە دەبێت رۆڵی کارامان هەبێت”.