سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەنگاریا لە دوبەی دیدارێکیان ئەنجامدا

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەنگاریا لە میانی بەشداریکردنیان لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا دیدارێکیان ئەنجامدا.

رۆژی هەینی (1ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە دوبەی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێـمی کوردستان لەگەڵ کاتالیک نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریان دیدارێکیان ئەنجامدا.

ئەم دیدارەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆکی هەنگاریا لە پەراوێزی بەشداریکرندی هەردوولا دێت لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا COP28 کە ئێستا لە ئیمارات بە ئامادەبوونی سەرکردە جیهانییەکان بەڕێوەدەچێت.

رۆژی پێنجشەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا لەسەر بانگهێشتی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم بۆ بەشداری لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) گەیشتە ئیمارات.

دوای گەیشتنی بۆ ئیمارات، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، “خۆشحاڵم کە لە ئیماراتم بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا”.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، “پشتگوێخستنی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بژاردە نییە و وەک گەلێک و بەشێک لە ناوچەکە دەبێت رۆڵی کارامان هەبێت”.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بە بانگهێشتی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆکوەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی بەشداری لەم لوتکەیە دەکات کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی نیشتمانیی ئیمارات. ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کارکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام.

لە لوتکەکەدا، باس لەو ئاستەنگانە دەکرێت کە  لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا، رووبەڕووی جیهان دەبنەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشدارانی لوتکەکە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان تاوتوێ دەکات.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە چەندین بۆنەدا، هۆشداری لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی داوە و داوای پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاریکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر جیهان.