ساڵح نه‌جم: ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ بواری ژینگه‌ جێی ده‌ستخۆشییه‌

شاره‌زایه‌كی بواری ژینگه‌ و كه‌شوهه‌وا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ بواری ژینگه‌ و كه‌شوهه‌واوه‌ مایه‌ی دڵخۆشی و ده‌ستخۆشین.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 1ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) ساڵح نه‌جم، شاره‌زای ژینگه‌ و كه‌شوهه‌وا رایگه‌یاند، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ بواری ژینگه‌ و كه‌شوهه‌وا، مای ده‌ستخۆشین، به‌تایبه‌ت كه‌ ساڵانێكه‌ له‌ رووی زانستی و ئه‌كادیمییه‌وه‌ په‌رۆشییه‌كی زۆر بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌یه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ده‌چنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

ساڵح نه‌جم هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كرد، یه‌كێك له‌ ئاماژه‌ مه‌ترسیداره‌كان بۆ ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان بریتییه‌ له‌ بوونی كاربۆنێكی زۆر له‌سه‌ر ئاسمانی شاری هه‌ولێر. به‌و شێوه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ به‌راورد به‌ جوگرافیا بچووكه‌كه‌ی، به‌ڵام له‌ رووی ژینگه‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كان، بۆیه‌ پێویست ده‌كات هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی ستراتیژی بۆ به‌رگرتن له‌ كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كان بنێت.

ئه‌و شاره‌زایه‌ی بواری ژینگه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌ر كاریكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ پاكڕاگرتنی ژینگه‌ مایه‌ی دڵخۆشی و ده‌ستخۆشییه‌. گوتیشی، جیهان له‌مه‌ودوا پیگه‌ی وڵاتان و هه‌رێمه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌مكی (پێمۆری كاربۆن)ـی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌رێمی كوردستان چه‌نده‌ گرنگی به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی پێمۆری كاربۆنی بدات، له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌دا پێگه‌كه‌ی به‌هێزتر ده‌بێت و ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر سه‌لیقه‌ پاكه‌كه‌ی.

ئەمڕۆ هەینی 1ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) لە شاری دوبەی کرد و لەلایەن شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لێکرا.

سەرۆکی حکومەت لە لوتکەکەدا، لە گەڵ سەرۆک و سەرکردەکانی جیهانی دیدار و گفتوگۆی دەبێت و لە میانی دیدارەکانیدا، گفتوگۆ لەبارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان دەکات