نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی وڵاتان به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمێكى تايبه‌تى كۆنفرانسی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا كرد

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ دوبه‌ى له‌سه‌ر بانگهێشتى هاوبه‌شى خاوه‌نشكۆ شا چارلزى سێيه‌م شاى شانشينى يه‌كگرتوو و شێخ محه‌مه‌د بن زايد ئال نه‌هيان سه‌رۆكى ئيمارات له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ى وڵاتان، به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمێكى تايبه‌تى پێشوازيى ژماره‌يه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ى وڵاتان و به‌شدارانى كۆنفرانسى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان بۆ گۆڕانى كه‌شوهه‌وا (COP28)دا كرد.

ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى كۆڕبه‌ندى كارى خێرخوازى و گۆڕانى كه‌شوهه‌وايه‌‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كاره‌كانى (COP28)دا له‌لايه‌ن سه‌رۆكايه‌تيى ئيمارات بۆ كۆنفرانس‌ و ده‌ستپێشخه‌ريى بازاڕى به‌رده‌وامه‌وه ساز ده‌كرێت.

ژماره‌يه‌ك له‌ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ و ميوانان بانگهێشتى ڕێوڕه‌سمى ئه‌م ئێواره‌يه‌ كراون كه‌ سبه‌ى به‌شدارى له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى لووتكه‌ى دوو ڕۆژى يه‌كه‌مى كۆنفرانسه‌كه‌دا ده‌كه‌ن.

ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ له‌گه‌ڵ‌ كردنه‌وه‌ى (COP28)دا دێت كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ به‌شدرايى سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ى وڵاتان و ميوانانى باڵا و شاره‌زايان ده‌ست پێ ده‌كات و تا 12ی ئه‌م مانگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. تيايدا وڵاتان و نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان و ئاژانس و ڕێكخراوه‌كانى ئه‌م بواره‌ و كه‌ر‌تى تايبه‌ت، لێكۆڵينه‌وه‌ و گفتوگۆ ده‌رباره‌ى هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا و پلان و ڕێكاره‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌يان له‌سه‌ر ئاستى جيهان ده‌كه‌ن.