هەوڵێکی پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک لە دژی کورد شکست دەهێنێت

پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک، دەیەوێت میلاک و دەسەڵاتی حەوت بەڕێوبەرایەتی و فەرمانگە لە دەستی وەزیرێکی کورد لە بەغدا دەربهێنێت، بەڵام فەرمانەکەی لەلایەن وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق هەڵوەشێنرایەوە.

سەرچاوەیەک لە بەڕێوبەرایەتی شارەوانییەکانی کەرکووک، کە نەیویست ناوی بنووسرێت، راگەیاند: “نووسراوەکەی راکان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک بۆ گواستنەوەی میلاکی فەرمانبەرانی شارەوانی و شارەوانییەکان و پێنج فەرمانگەی دیکە، بۆ ئەوە بوو، کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو شارەوانییەکانی عێراق کە وەزیرەکەی کوردە هیچ رۆڵێکی ئیداری نەمێنی لە کەرکووک، بەڵام وەزیری ئاوەدانکردنەوە بڕیارەکەی راکان جبووری رەتکردووەتەوەو بە بەڕێوبەری ئەو حەوت فەرمانگەیە گوتراوە کە لەکاری ئاسایی خۆیان بەردەوام بن و کار بە نووسراوی پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک نەکەن”.

ئەمە لەکاتێکدایە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017، بە مەبەستی کەمکردنەوەی دەسەڵات و پێگەی کورد لە کەرکووک ژمارەیەک بەڕێوەبەڕ و بەرپرسی کورد لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە.

ئەم هەوڵەی پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک لەکاتێکدایە کە لایەنە سیاسییەکانی کورد، لە شاری کەرکووک سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگان، بۆ ئەوەی لە خولی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای شارەکە دەنگی زۆرینە بە دەست بهێنن، لەپێناو ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە.