هەمواری یاسای بودجە دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە و بودجە و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان سێ ڕۆژ لە بەغدا مانەوە؛ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کۆبوونەوە. شاندی کوردستان داوای سێ حەوت سەد ملیار دیناری دیکەی کردووە، هەروەها داوایان کردووە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە خەرجی ڕاستەقینە جیابکرێتەوە. پەرلەمانتارێکی عێراق، ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێم بۆ بەدەستهێنانەوەی تەواوی ئەو مافە دەستووری و یاساییانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاردەکات، بەڵام هەمیشە ئاستەنگ بۆ ڕێککەوتنەکان دروست دەکرێت.

یاسای بودجەی گشتی لە ١٢ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسەند کرا و لە ٢٦ـی هەمان مانگدا لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکرایەوە، قەبارەکەی نزیکەی سەد و نەوەد و نۆ تریلیۆن دینارە و پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا زیاتر لە شازدە ترلیۆن دینارە، ٧ـی ئابی ٢٠٢٣، ڕێنوێنیی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکرایەوە کە لەلایەن تەیف سامی، وەزیری داراییەوە ئیمزا کرابوو، بەوەش یاساکە کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
لە دوو مانگی ڕابردوودا حکوومەتی عێراق هەر مانگێک حەوت سەد ملیار دیناری ناردووە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچە تەرخانی کردووە، چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتووشدا حەوت سەد ملیارەکەی دیکە بنێردرێت.
بۆ مانگەکانی ١٠، ١١ و ١٢ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە دوو ترلیۆن و سەد ملیار دیناری دیکەی بۆ بنێرێت، بۆ ئەمەیان هێشتا هیچ وەڵامێک نییە و لە کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کورستان لە بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.
هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لە پێناو جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانە لە خەرجی ڕاستەقینە و ململانێ سیاسییەکان، پرسی زیادکردنی کرێی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتیش خرایە ڕوو، بۆ ئەمەش سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، بە دوای ڕێگەچارەیەکدا دەگەڕێن، لەبارەی ڕاپۆرتەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەگوتەی ئەندامانی شاندەکە شتێکی وا نەماوەتەوە کە جێگەی سەرنج و تێبینی بێت.
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوایان لە سوودانی کردووە سێ مووچەی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، واتە سێ پشکی دیکەی حەوت سەد ملیار دیناری، تاوەکو مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشبکرێت، تاوەکو دەگەنە ڕێککەوتنێکی سیاسی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، هەروەها داوا دەکات مووچەی مووچەخۆران لە خەرجی ڕاستەقینە جیابکرێتەوە و بابەتی نەهاتنی مووچە کۆتایی پێ بهێندرێت، تاڕادەیەک لێکتێگەیشتنی باش هەبوو لە نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق.
ئامانجی کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی تەکنیکی حکوومەتی فیدراڵی، چۆنییەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، هاوکات بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کۆببنەوە.
بۆ چارەکردنی بەشێک لە گرفتەکانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بڕیارە یاسای بودجەی گشتیی ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥ـی عێراق هەمواربکرێتەوە، بەڵام هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەگوتەی پەرلەمانتاران، تاوەکو یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە، دەبێت چارەیەک بدۆزرێتەوە. ناکرێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بەجێ بهێڵدرێن. سیپان عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدەستهێنانەوەی تەواوی ئەو مافە دەستووری و یاساییانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاردەکات، بۆ ئەوەی چارەی ئەو قەیرانە داراییانە بکات کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دروستکراون.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: چەندین جار ڕێککەوتن کراوە، بەڵام هەمیشە ئاستەنگ دروست دەکرێت و خوێندنەوەی جیاواز بۆ بڕگەکان دەکرێت، لە سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کۆمەڵێک تەوەر تاوتوێ کران، یەکێک لەوانە بابەتی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ بوو.