وەرزی سەرما و داگیرساندنی ئامێرە گەرمکەرەوەکان سەعاتەکانی کارەبای نیشتمانی دابەزاندووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ماوەیەکە وەرزی سەرما لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و خەڵک ئامێرەکانی گەمکەرەوە دادەگیرسێنن و زۆرترین پاڵەپەستۆیش لەسەر کارەبای نیشتمانییە و هەر ئەوەش وایکردووە سەعاتەکانی پێدانی کارەبا کەم ببنەوە. یەکێک لە گازندەکانی هاووڵاتییان ئەوەیە پچڕانی کارەبای نیشتمانی زیادی کردووە لەکاتێکدا بەرهەمهێنان کەمی نەکردووە و هۆکارەکە بۆ زۆریی بەکاربردن لای هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە.

ئەو کارەبایەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت برێکی دیاریکراوە و سەعاتەکانی پێدانی ئەو کارەبایە لەگەڵ بەرزیی بەکاربردن کەم و لەگەڵ کەمبوونەوەی بەکاربردن زیاد دەکات. هەر چەندە هێشتا سەرمای سەختی زستان دەستی پێ نەکردووە بەڵام هەست بە دابەزینی سەعاتەکانی کارەبا دەکرێت.
ئەو کارەبایەی بەرهەم دەهێنرێ ئەگەر بە ڕێکی خەرج بکرێ ئەوا دەتوانێت سەعاتی زیاتری کارەبا دابین بکات بەڵام کێشەکە لەوەدایە خەڵک دەست بە کارەباوە ناگرێ و بە لێشاو خەرجی دەکات.
دوو سیستەم دەتوانن ڕۆڵیان لە کەمبوونەوەی خەرجییەکانی بەکاربردنی کارەبا و هۆشیاریی هەبێت کە یەکێکیان پێوەری زیرەک و ئەوەی تریان سیستمی پریپەیدی کارەبایە. یەکەمیان لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان جێبەجێ کراوە و دووەمیشیان لە سیتییەکان و هەندێک ناوچە وەک تاقیکردنەوە لە جێبەجێ کردندایە.
پێوەری زیرەکی کارەبا تا ڕادەیەک یارمەتیدەر بووە لەوەی زێدەڕۆیی کەم بکرێتەوە و کارەباش لای هاوبەشەکان کەمتر بەکار بێت چونکە ئەگەر لە سنووری دیاریکراو تێپەڕێت ئەوا ڕاستەوخۆ لەسەر ماڵەکە دەکوژێنرێتەوە.
یەکێکی تر لەو ڕێکارانەی دەتوانێت ڕێ لە بەفیڕۆدانی کارەبا بگرێ و هۆشیاریی بەکاربردن لای خەڵک بێنێتە کایەوە بریتییە لە دانانی سیستمی پێشکەوتووی پریپەید.
ماوەی ڕابردوو وەکو تاقیکردنەوە تۆڕی دابەشکردنی کارەبای ئامێدی بۆ سیستمی پریپەید گۆڕدرا و بە هەمان نرخی فەرمی کرێی کارەبا لەسەر ماڵان حساب دەکرێت. وەزارەتی کارەبا دەیەوێت بزانێت ئەو سیستمە چ کاریگەرییەکی بۆ سەر بەرزبوونەوە یان کەمبوونەوەی بەکاربردنی کارەبا لە لایەک و خەرجییەکانی خەڵک لە لایەکی تر دەبێت.
بەپێی سیستمی پریپەید کڕینی کارەبا بۆ شێوەی یەکەی کیلۆوات دەگۆڕدرێت و سەعاتی پێوەری کارەبا باڵانسی تێ دەکرێت و هەر کاتێک تەواو بوو ئەوا دەبێت باڵانسی تری تێ بکرێت ئەگەرنا کارەباکە لەسەر ماڵەکە دەکوژێتەوە.
نرخی حکوومیی کارەبا هەرزانە و ئەگەر خەڵک دەستی پێوە بگرن ئەوا لە چاو جاران پارەیەکی کەمتر بۆ کرێی کارەبا دەدەن و ئەگەر زێدەڕۆییشی تێدا بکەن ئەوا خەرجییەکانیان زیاتر دەبێت. باشییەکە لەوەدایە کرێی کارەبای مۆلیدەیان لەکۆڵ دەبێتەوە.
ئەو سیستمە لە سیتییەکان بە نرخێکی بەرزتر جێبەجێ کراوە و هەرچەندە گرانیی نرخەکەی ماوەی ڕابردوو ناڕەزایەتی لێ کەوتەوە بەڵام حکوومەت لە پلانیدایە نرخەکەیان بۆ کەم بکاتەوە کە بووەتە هۆی ئەوەی بیست و چوار سەعات لەو سیتییانە کارەبا دابین بکرێت.
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی کارەبا لە هەرێمی کوردستان سەرووی سێ هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت و ئەو بڕە کارەبایە ئەگەر بە ڕێکی خەرج بکرێ ئەوا سەعاتەکانی پێدانی کارەبا بەرز دەکاتەوە.
هۆیەکی تری بەرزکردنەوەی سەعاتی کارەبای نیشتمانی ئەوەیە سووتەمەنی جێگرەوە بۆ خەڵک دابین بکرێ کە نەوتی سپییە و هاووڵاتیی ناچار بە پێکردنی ئامێرە گەرمکەرەوە کارەباییەکان نەبێت.
بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ زووتر مشووری دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان خواردووە و هەر ئێستا نەوتی سپی لە سەنتەری شارەکان دابەش دەکرێت و لە دەرەوەی شارەکان بەرمیلێک نەوت دابەش کراوە و بەپێی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ئەمساڵ دەبێ هەموو ماڵێک بەرمیلێک نەوتی وەرگرتبێت.
نرخی نەوت لەچاو بازاڕ زۆر هەرزانترە و بە نرخی پاڵپشتیکراو حکوومەت دابەشی کردووە کە بڕەکەی سەد هەزار دینارە و پلان هەیە ئەگەر حکوومەتی عێراق نەوتی سپی بە نرخی هەرزانتر دابین بکات ئەوا لێرەش بەرمیلی دووەم دابەش بکرێت بەڵام هێشتا بەغدا هیچ بڕە نەوتێکی نەناردووە.
بە سەردەمیانەکردنی دابەشکردنی کارەبا و نەهێشتنی زێدەڕۆیی و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی بەکاربردن، دەتوانێت کاریگەریی زۆری بۆ سەر پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکە لە لایەک و کەمکردنەوەی خەرجییەکان لە لایەکی تر هەبێت.