پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی هەردوو کەمپی کەبەرتوو یەک و دوو دانا

رێگەی هەردوو کەمپی کەبەرتوو یەک و دوو دانا لە سنووری سێمێل نۆژەندەکرێنەوە و پارێزگاری دهۆکیش دەڵێت، “حکومەتی فیدراڵی پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر ئاوارەکان جێبەجێنەکردووە”.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-11-2023، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی هەردوو کەمپی کەبەرتوو یەک و دوو بە درێژایی 7.8 کیلۆمەتر و بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار و 300 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی گشتیی پارێزگای دهۆک دانا.

هەردوو کەمپی کەبەرتوو یەک و دوو دەکەونە سنووری قەزای سێمێل و ئاوارەکانی شنگال لێیان نیشتەجێن. پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “تا ئاوارەکان بۆ ماوەی یەک رۆژیش لە هەرێمی کوردستان مابن، خوشک و برای ئێمەن، لە ماڵ و وڵاتی خۆیانن و ئێمە خزمەتیان دەکەین. دڵنیاشیان دەکەینەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی تواناکانی پشتیوانییان دەکات”.

زیاتر لە 660 هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەژین، 41%یان لە هەولێرن، 40% لە دهۆک و 19%ـیشیان لە سلێمانین. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 25 کەمپی ئاوارە و پەنابەران هەن و خەرجی ساڵانەیان زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلارە.

عەلی تەتەر گوتی: “هیواخوازین لە زووترین کاتدا حکومەتی عێراق پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە هاووڵاتییانی دەڤەری شنگال جێبەجێ بکات و رێککەوتنی شنگاڵ جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان”.

پارێزگاری دهۆک داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بارودۆخی شنگال ئاسایی بکاتەوە و دەڵێت، “زۆر ستەم لە خەڵکی شنگال کراوە، بەتایبەت دوای هێرشەکەی داعش. بەداخەوە لەجیاتی ئەوەی برینەکانیان ساڕێژ بکرێن، تا ئێستا نەیانتوانیوە لە رووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە بارودۆخی شنگال ئاسایی بکەنەوە. “