وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون درێژ دەکرێتەوە

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاند: وەک دەرفەتێک و رەخساندنی هەلی زیاتر بۆ هاووڵاتییان، لەسەر راسپاردەی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان ماوەی مانگێک درێژ دەکرێتەوە.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: “پێشتر رۆژی 30/11/2023 وەک دوا وادە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە دیاریکرابوو، بەڵام بە بڕیاری وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پرۆسەکە بۆ ماوەی مانگێک و تا کۆتایی ئەمساڵ درێژکراوەتەوە، ئەمەش وەک هەلی زیاتر و کارئاسانی بۆ ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا بە هەر هۆکارێک بێت دەرفەتیان لەبەردەستدا نەبقوە فۆرمەکە پڕ بکەنەوە”.

رۆژی 8/8/2023، لە دوای تەواوکردنی رێکار و ئامادەکارییەکان، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە رێوەرەسمێکدا پرۆسەی دابەشکردنی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان راگەیاند، لەوکاتەوە زیاتر لە 22 هەزار خێزان لە سەرجەم ناوچەکان فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە.

یەکەکان زیاتر لە نۆ هەزار زیاتر یەکەی نیشتەجێبوونن لە چوارچێوەی یاسای نیشتەجێبووندا دروستکراون، کە بەشێکیان تەواوکراون و بەشێکیان کارکردن تیایاندا بەردەوامە.