وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی راوێژکارانی باڵای سەربازی هاوپەیمانان کۆبوونەوە.

کۆڵۆنێڵ گاجێڕۆ بۆ وەزیری پێشمەرگە؛
” ئیدارەی واشنتۆن دڵخۆشن بە گەڕانەوەت بۆ ئەرکەکەت ”

راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە

هەریەک لە بەرپرسی راوێژکارانی باڵای سەربازی هاوپەیمانان لەهەرێم و بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی ئەمریکا لەکونسوڵخانەی ئەو ووڵاتە لەهەولێر، ستایشی گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە دەکەن و ڕاشیدەگەینن:” بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆسەی چاکسازی پێشمەرگە و دروستکردنی هێزیکی نیشتمانیی تۆکمە هیوای زۆریان بەوەزیری پێشمەرگە هەیە، لەمڕووەشەوە، پاڵپشتیی و هاوکارییەکانی خۆیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.

ئەمڕۆ ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە جەنەڕاڵ مەکنێنزی بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی باڵای سەربازی هاوپەیمانان و کۆڵۆنێل مایکڵ گاجیرۆ بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە بەڕێوەبەری هەماهەنگیی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە تێدا ئامادەبوو. وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای کرد لە بەرامبەر پاڵپشتی و پشتیوانیەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لە پێناو سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، هەروەها ڕایگەیاند :
هیواخوازم پەیوەندییەکانمان بەرەو باشتر هەنگاو بنێت، دۆخی ئێستای ناوچەکە پێویستی بەکاری پێکەوەیی هەیە، بۆ رووبەڕوبونەوەی پێشهات و مەترسییەکان.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جەنەڕاڵ مەکێنزی : هیوای خواست قۆناغێکی نوێی کارکردنی هاوبەشی دوور مەودا لە وەزارەتی پێشمەرگە بێتە ئاراوە، کە هەمووان پێکەوە بتوانن پڕۆسەی چاکسازی زیاتر پەرە پێبدەن. هەروەها ستایشی هەوڵەکانی ڕابردووی وەزیری پێشمەرگەی کرد لە پڕۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.
لەلای خۆیەوە کۆڵٶنێل گاجیرۆ بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر دڵخۆشی واشنتۆنی لە گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ ئەرکەکەی راگەیاند و وتیشی : ئومێد دەخوازین وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی گەورە و گرنگ بنێت لە پڕۆسەی چاکسازی و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی (کارنامەی لێکتێگەیشتن)ی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە.