سامان بەرزنجی: هەموو جۆرە دەرمانێک بە کۆدی خۆی لە کۆگاکان کۆنتڕۆڵ دەکەین

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: نابێت سۆشیال میدیا ببێتە جێگەی فرۆشتنی دەرمان، دەبێت هاووڵاتییان خۆیان بەدوور بگرن لە کڕینی هەموو جۆرە دەرمانێکی ئۆنلاین.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، لە هەولێر گوتی: “بۆ ئەوەی گلەیی هاووڵاتییان نەمێنێت لە چاوەڕوانکردنی بینی پزیسکی پسپۆڕ، لە رێگەی شاشەیەکەوە کۆدی خۆی وەردەگرێت کاتێک پزیشک دێت دەزانێت چ نەخۆشێک سەردانی دەکات، دەرمان و تاقیگە هەمووی لە رێگەی ئەو سیستەمەوە بە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەزانێت”.

گوتیشی: “لە پلانمان هەیە بۆ ساڵی داهاتوو، چەند بەرنامەیەکی گرنگی سیستەمی ئەلیکترۆنی جێبەجێ بکەین، لە هەمووشی گرنگتر کارتی سیستەمی ئەلیکترۆنییە بۆ هاووڵاتییان، بۆ داهاتوو دەبێتە بنەمای بیمەی تەندروستی، جوڵەی دەرمان ئەو بەرنامە لە رووی هونەرییەوە تەواو بووە، دەبێت رێکیبخەین کە لە سنوورەکانەوە دێتە خاکی کوردستان، دەڕوات بۆ کۆگاکان و دەدرێت بە دەرمانخانەکان تا دەگاتە دەستی نەخۆش، دەبێت ئەو دەرمانە بە کۆدی خۆی کۆنتڕۆڵ بکەین، بۆ ئەوەی دەرمان لە کۆگاکان بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکرێت، ئەمە درێژەپێدەری بەرنامەی چاکسازییە لە سێکتەری تەندروستیی”.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشدا: “سۆشیال میدیا نابێت ببێتە جێگەی فرۆشتنی دەرمان، بەڵکو دەبێ هاووڵاتییان خۆیان بەدوور بگرن لە کڕینی هەموو جۆرە دەرمانێکی و کەرەستەی پزیشکی ئۆنلاین، دەبێت هۆشیاربن ئەوانە نایاسایین”.