پێشانگای “دەستی زێڕێن” لە هەولێر دەکرێتەوە

بەهاوکاری رێکخراوێکی ئافرەتانی جیهانی، وەک پاڵپشتییەک بۆ ئافرەتانی دەست رەنگین، پێشانگای “دەستی زێڕین” لە هەولێر دەکرێتەوە.

ژین کامەران، یەکێک لە رێکخەرانی پێشانگاکەیە راگەیاند: “پێشانگای دەستی زێڕین، بە هاوکاری رێکخراوی ئافرەتانی جیهانیی، بۆ پشتگیری کردنی ئافرەتانی دەست رەنگینە، ئەوانەی کە بەشدار دەبن، هاووڵاتیی دانیشتووی شاری هەولێرن”.

گوتیشی: “پێشانگاکە لە 5/12/2023 دەکرێتەوە و بۆ ماوەی دوو رۆژ لە کاتژمێر دوو تا شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشدا: “ئامانج لە کردنەوەی ئەو پێشانگایە، پەرەپێدانی تواناکانی ئافرەتان و دۆزینەوەی بازاڕی کارە بۆ ئافرەتان، هەروەها پشتیوانی ئابووری ئافرەتان و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ دەرخستنی بەهرەکانیان”.

ژین کامەران، باسی لەوەشکرد: “نزیکەی 150 ئافرەت بەشداری پێشانگاکە دەکەن، هەریەکەیان بە کاری خۆی بەشداری دەبێت و نمایشی دەکات، هەموو ئەوانەی کە بۆیان ئەنجامدراوە بە هاوکاری ئەو رێخکراوەیە وەک پاڵپشتییەکە بۆ ئەو ئافرەتانەی کە کاری دەستییان هەیە، بابەتەکانی خۆیان نمایش بکەن لەم پێشانگایە، هەر بەرهەمێکیش بفرۆشن قازانجەکەی هەر بۆ خۆیان دەبێت”.