دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هەرێمی كوردستان؛ ڕووبەرێك بۆ ئازادیی ڕۆژنامەوانی و كاری مێدیایی

ئازادیی ڕۆژنامەگەری و مێدیا، وەكو یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی حكومڕانیی باش و پاراستنی ماف و ئازادیی و بەرژەوەندییە گشتییەكان لە هەرێمی كوردستاندا مامەڵەی لەگەڵ كراوە و حكوومەتی هەرێمی کوردستانیش جەختی لە بەهێزكردن و فراوانكردنی كردووەتەوە.

لە هەرێمی کوردستان، ١٢٧کەناڵی ناوخۆیی، ٣٠ کەناڵی ئاسمانی، ١٧٦ ڕادیۆ، ١٢١ ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی و ٩٨٨ ڕۆژنامە و گۆڤار مۆڵەتیان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان وەرگرتووە و لە ماوەی ڕابردووشدا ئەم بوارە گەشەی بەردەوام و خێرای بە خۆیەوە بینیوە.
شێروان عەوڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، لەبارەی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوە بە فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “لە هەرێمی كوردستان، یاسای ژمارە (35)ـی كاری ڕۆژنامەگەری وەكو یاسایەكی بێوێنە لە پێدانی ئازادیی ڕۆژنامەوانی هەیە و كاری پێ دەكرێت. ڕێنماییەكیش بۆ مێدیای بینراو و بیستراو هەیە، كە ڕێنمایی ژمارە (1)ـی ساڵی 2023ـیە و لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە دەرچووە. لەگەڵ هاتنەكایەی مێدیای ئەلیكترۆنی، ئەو بوارەش لەو یاسا و ڕێنماییانەدا ڕێك خراوەتەوە. تا هەم ئازادیی پارێزراو بێت و هەم مافی مێدیایی پارێزراو بێت. ئەوەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی. پاش دەركردنی چەند بڕیارێكی حكومەت ئەم ڕێنماییە جێبەجێ دەكرێت. حكومەت تەنیا لە ڕێگەی یاساوە مامەڵە لەگەڵ ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەكات و داوای پابەندبوون دەكات، نەك پێشێلكردنی مافی ئازادیی ڕۆژنامەگەری.”
لەبارەی گرنگیی تۆماركردنی هەموو مێدیا جۆراوجۆرەكان ناوبراو گوتی: “مێدیای ئەلیكترۆنی پێویستە خۆیان تۆمار بكەن، چونكە لەگەڵ مێدیا تێكەڵ بووە. چونكە زۆر جار لە كێشەی یاساییدا پێویستە ئەو لایەنە ناسراو بێت و زانیاری لەسەری هەبێت. تاكو بۆ دادگاكان ئەو زانیارییانە دابین بكرێت، بەڵام گەر تۆمار نەكرابن، دادگا وەکو دەزگای نایاسایی سەیریان دەكات. ئەو مێدیایانە گەر خۆیان تۆمار بكەن، دەتوانن كاری ڕۆژنامەوانیی خۆیان بكەن و ئازادانەتریش كار بكەن، کەواتە ڕێنماییەكان بۆ ڕێكخستنەوەی كاری مێدیایین نەك سانسۆركردنیان.”
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێکخستنەوەی کاری مێدیایی بەردەوامە؛ ئەمەش بۆ فراونترکردنی کاری ڕاگەیاندن و پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووسانە. تاکو ئێستا زیاتر لە هەشت هەزار ڕۆژنامەنووسی کارا لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان تۆمار کراون.
ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لەبارەی پرسی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوە گوتی: “ئازادیی ڕۆژنامەوانی چەند ڕەهەندێكی هەیە، ئەو بونیاتە یاساییەی لە كوردستان هەیە بۆ كاری ڕۆژنامەوانی توانیویەتی ئەو بوارە ڕێك بخات و پرەنسیپە گشتییەكانی دیاری بكات. یاسای سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان تا ڕادەیەكی باش ئازادیی ڕۆژنامەوانیی پیشەیی دابین كردووە. لێرەدا مەبەستمان ڕۆژنامەنووسێكی پیشەییە نەك بۆ ئەوانەی پیشەیی نین و دەیانەوێت لە یاساكان سوودمەند بن، بوونی ئەو هەموو سەكۆ و ئامرازە مێدیاییە لە كوردستان بەڵگەی باشی ئازادیی ڕۆژنامەوانییە؛ بەڵام هێشتا پێویستیی بە ڕێكخستن و ڕیفۆرم هەیە.”
لەبارەی ژمارەی ئەندامانی سەندیكاوە گوتیشی: “لە هەرێمی كوردستان ئەندامی كارا و بەشدار و مەشقكاری سەندیكا هەن، ژمارەی ئەندامانی كارا زیاترە لە هەشت هەزار ئەندام، ئەمەش ژمارەیەكی زۆرە و بەهۆی زۆریی ڕێژەی مێدیاكانەوەیە.”
لەبارەی هەڵسەنگاندنی ئازادیی ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان، حەمەئەمین گوتی: “هەڵسەنگاندنی ئازادیی ڕۆژنامەوانی لەسەر بنەمای دەزگا بێلایەنەكان دەكرێت نەك لەسەر بنەمای بۆچوونی حزبی و موزایەدەی سیاسی و مەبەستی تایبەت. ڕێكخراوە پسپۆڕەكان و ناوەندە ئەكادیمییەكان دەتوانن ئەو هەڵسەنگاندنە بە پێی داتا و پسپۆڕیی خۆیان بكەن. بەڵام زۆرجار مێدیا كراوەتە كەرەستەی موزایەدەی سیاسی و یەكلاكردنەوەی كێشەی سیاسی، ئەوەش بۆ دڵسۆزی بۆ میدیا نییە، بەڵكوو پرۆژەی سیاسین.”
هەرێمی کوردستان، خاوەنی یاسای ژمارە ٣٥ـی ساڵی ٢٠٠٧ـی تایبەت بە ڕۆژنامەگەرییە و کاریشی بۆ هەموارکردنەوەی یاسا و ڕێنماییەکان کردووە لەپێناو ئاسانکاری بۆ کاری مێدیایی.
لە ماوەیەکی نزیکدا، ڕێنمایی ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٢٣ تایبەت بە ڕێکخستنی فریکوێنسیی سپەیس لە هەرێمی کوردستان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئەمەش بۆ ڕێکخستنەوەی کاری مێدیاییە تاکوو لەگەڵ پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا و مێدیای نوێ بگونجێت.

فەرمانگەی مێدیا و زانیاری