سەفەر ئەوبەری، وتەبێژی جوڵانەوەی داهاتووی گەل: نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، جەنگی ئابوورییە بەرامبەر كوردستان

سەفەر ئەوبەری، وتەبێژی جوڵانەوەی داهاتووی گەل، كە جوڵانەوەیەكی ناڕازییە دەڵێت: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەرجەمیان سیاسین و پێویستیان بە پێداچوونەوەیە. باس لەوەش دەکات، باشترین مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە کە هەرێمی کوردستان بیکات، پاراستنی یەکڕیزییە بەرامبەر فشارەکانی بەغدا.

  • دادگای فیدراڵی عێراق لەدەركردنی لەبڕیارەكانیدا بێلایەنی پارستووە ؟
  • دادگایی فیدراڵی سەرجەم بڕیارەكانی سیاسین، بەرامبەر هەرێمی كوردستان، سەرجەمیان پێویستیان بە پێداچونەوە هەیە، تا لەوە زیاتر متمانەی خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق لەدەست نەدات، پێویستە ڕێک بخرێتەوە تا متمانەی بۆ بگەڕێتەوە.
  • تاچەند یاسا لە عێراقدا سەروەر بووە ؟
  • لە عێراقدا یاسا سەروەر نییە، لایەنە عێراقییەكان هەر لایەنە و یاسا بەلای خۆیدا دەبات و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكار دەهێنێت. لە عێراقدا ئەگەر یاسا كاری پێبكرایە ئەو هەموو زوڵم و ستەمە لە گەلی كورد نەدەكرا.
  • لەدوای ڕادەستكردنی نەوت و ڕێكکەوتنی نێوان هەولێر و بەغداش، بەڵام حكوومەتی عێراق ئامادە نییە شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بدات، بۆچی؟
  • نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە كارتێكی سیاسییە بەرامبەر خەڵكی هەرێمی كوردستان، ئەمەی دەیكەن جەنگی ئابوورییە بەرامبەر هەرێمی كوردستان، مووچە سەرەتایترین مافی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە، نەدەبوو لەپاش بیست ساڵ ئێمە ئێستا موناقەشەی ناردنی مووچە بكەین، لەگەڵ حكوومەتی عێراق، زۆر باسی دیكە هەبوو دەبوو باس كرابانایە.
  • كورد دەورێكی كاریگەریی بینی لە پێكهێنانی دەوڵەتی نوێی عێراق لەدوایی ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئێستا ئەو ڕۆڵەی كورد لەبەرچاو دەگیرێت ؟
  • گەلی كوردستان زۆر زیاتری كردووە بۆ عێراق و دەوڵەتی عێراقی نوێ، بەڵام بەداخەوە دەوڵەتی ئێستای عێراق دڵسۆزی و وەفای كورد نابینێت، بەردەوام كارتەكانی فشار لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان زیاتر دەكات ئەمەش تاسەر نابێت چونكە بۆیان ناچێتە سەر خەڵكی كوردستان باش لەو ڕاستییە گەیشتوون.
  • بۆچی لەعێراقدا كار بە دەستوور ناكرێت؟
  • هەر لە جێبەجێ نەكردنی مادەی سەد و چلەوە ئەوان نیەتیان ڕوون بوو بۆ خەڵكی كوردستان كە نایانەوێت كار بە دەستوور بكەن. دەبێت ئەوە باش بزانین، ئەوان چەندین مادەیی دەستوورییان بەرامبەر خەڵكی هەرێمی كوردستان پێشێلكردووە. بڕوایان بەمافەڕەواكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان نییە.
  • هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا چۆن مامەڵە بکات؟
  • سەرجەم خەڵك و لایەنەكانی كوردستان یەك دەنگ و یەك گوتار بن بەرامبەر بەغدا، نابێت ئەو كارە دووبارە بێتەوە كە لەدوای ڕیفراندۆم بینیمان چەندین تاقم و گروپی نایاسایی دژی مافە یاساییەکانی گەلی کورد وەستانەوە، باشترین چارە یەکدەنگییە بەرامبەر بەغدا و پێویستە ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان پێش هەموو بەرژەوەندییەکی دیکە بێت.