سەرۆکی حکومەت: ئەگەر خواستی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری کێشەکان هەبێت ڕێگەی چارەسەر زۆرن

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 28-11-2023، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارگەی ئاسنی ڤان ستیلی لە هەولێر کردەوە کە گەورەترین کارگەی ئاسن و شیشە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی کارگەی ئاسنی “ڤان ستیل” لە هەولێر، گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند:”کارگەکە بە ستانداردی جیهانی و پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا دروستکراوە و سوودی بۆ ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان دەبێت”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: “کارگەکە لە دروستکردندا پابەندی مەرجەکانی ژینگەپارێزی بووە”.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا: “کردنەوەی ئەم کارگەیە رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بەرەوپێشبردنی کەرتی پیشەسازی لە کوردستان و رەخساندنی هەزاران هەلی کار بۆ گەنجانی کوردستان، جێی دەستخۆشییە کە کارگەکە پابەندبوونی خۆی بە لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی پاراستنی ژینگە و بەردەوامی ژینگەیی دەربڕیووە، ئەمەش لە رێگەی بەکارهێنانی شێواز و تەکنیکی پێشکەوتوو کە دۆستی ژینگەیە.”

ئەوەشی خستەڕوو: “هیوادارین دۆخی کوردستان، عێراق و ناوچەکە ئارام سەقامگیر بێت  و، کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بن، بۆ ئەوەی درێژە بە کارنامەکەی خۆمان بدەین، لە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری”.

بەشێک لە گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

مایەی خۆشحاڵییە کە ئەمڕۆ لێرەم، پڕۆژەیەکی دیکەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان دەکەینەوە، دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار، گرووپی گەلیاوە دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە گرنگە کە بە ستاندارێکی جیهانی و بەکارهێنانی پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا دروستکراوە.

کردنەوەی ئەم کارگەیە رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بەرەوپێشبردنی کەرتی پیشەسازی لە کوردستان و رەخساندنی هەزاران هەلی کار بۆ گەنجانی کوردستان، جێی دەستخۆشییە کە کارگەکە پابەندبوونی خۆی بە لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی پاراستنی ژینگە و بەردەوامی ژنینگەیی دەربڕیووە، ئەمەش لە رێگەی بەکارهێنانی شێواز و تەکنیکی پێشکەوتوو کە دۆستی ژینگەیە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا بە هاوکاری لەگەڵ کەرتی تایبەت، پلان و بەرنامەی گرنگی هەبووە، بۆ بایەخدان بە کەرتی پیشەسازی، بەتایبەت لە بوارەکانی پیشەسازی خۆراک و پترۆکیمیا و پیشەسازی کانزخاکان و دابینکردنی ماددەی خاو بۆ پیشەسازی بچووک و مامناوەند، هەروەها دروستکردنی چەند ناوچەیەکی پیشەسازی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، کە چەند رۆژێک پێش ئێستا بەردی بناغەی ناوچەیەکی پیشەسازیمان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دانا. کردنەوەی ئەم کارگەیەش بەشێکە لە هاوکاری و هەماهەنگی حکومەت لەگەڵ کەرتی تایبەت، لەپێناو زیاتر پێشخستنی ژێرخانی پیشەسازی لە کوردستان.

بەڕێزان وێرای چەندین گرفت لە ساڵانی رابردوو کە چەندین جار ئاماژەمان پێداوە، لەم ماوەیەدا چەندین پڕۆژەی گەورەمان لە کوردستان دەستپێکرد، لە بوار و کەرتی جۆراوجۆردا، کە زۆربەیان ئێستا کەوتوونەتە کار و لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندان، ئامانجی ئێمە ئەوەیە ژێرخانێکی ئابووری لە هەرێمی کوردستان دروست بکەین، بۆ ئەوەی ژیانی خەڵکی کوردستان باشتر بکەین و، نەوەی داهاتووش بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت.

هیوادارین دۆخی کوردستان، عێراق و ناوچەکە ئارام سەقامگیر بێت  و، کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بن، بۆ ئەوەی درێژە بە کارنامەکەی خۆمان بدەین، لە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری.

کوردستان و عێراق بە گشتی بەهۆی شەڕ و جەنگە یەک لە دوای یەکەکان و بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەوە، لە بارودۆخێکی سەختدا بووە و خەڵکەکەی لە نائارامیی و دڵەڕاوکێ و هەژاری و وێرانیدا ژیاون، ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە پەند لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرین و هاوکاری و پشتیوانی یەکتر بکەین، لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییانمان و بنیاتنانەوەی وڵاتەکەمان کە پێویستی بە ساڵانێکی کارکردنی بەردەوام هەیە، بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو، ئەمەش تەنیا بە ئاشتی و ئارامیی و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان دێتەدی، ئەگەر ئارەزوو و خواستی راستەقینە بۆ چارەسەری هەبێت ئەوا بێگومان رێگەی چارەسەر زۆرن.

لێرە دەمەوێت پێتان رابگەیەنم کە شاندی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک لەو کێشانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ماون لە بەغدان، بۆ ئەوەی بتوانن رێگەچارەی گونجاو بەتایبەتی بودجە و دوکەوتنی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە و بگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی، دوێنێ گفتوگۆی باشیان هەبووە، ئەمڕۆ درێژەی ئەو گفتوگۆیانە دەبێت، بۆ دابینکردنی مووچە بەشێوەیەکی بنەڕەتی، کە چیتر خەڵکی کوردستان باجی ئەم هەڵانە نەدات، بەداخەوە شێوەیەکی ناگونجاو مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە، ئەمە چارەسەر بکرێت.

لە لایەکی تریشەوە بۆ بابەتی نەوت و غازیش ئێمە پێویستیمان بە داڕشتنی یاسایەکی فیدراڵی پێشکەوتوو لەسەر بنەمای دەستوور هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین جارێکی دیکە بابەتی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکەینەوە و ئەمەش هەمووی دەبێتە دەستکەوت نەک تەنیا بۆ خەڵکی کوردستان بەڵکو بۆ هەموو خەڵکی عێراق، ‌هیوادارین بە تێگەیشتنی هاوبەش زۆر شتی باشتر بکەین، پێم وایە ئەوەی لە پێشمانە و ئەوەی هاوبەشە لەنێوانماندا زۆر زیاتر لەو کێشە و گرفتانەی هەن، تەنیا ئەوەیە کە هەموو لایەک بیر لەوە بکەینەوە کە بەرژەوەندی وڵاتەکەمان و خۆشگوزەرانی خەڵکەکەمان بکەینە سەر لیستی بەرنامەی کارەکانمان، هیوادارم لەگەڵ بەڕێز سوودانی و حکومەتی فیدراڵی و هەموو وەزیرەکانی ئەم کابینەیە کار و هەماهەنگی زیاتر پێکەوە بکەین و وڵاتەکەمان بەرەو قۆناغێکی باشتر ببەین.

دووبارە دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکاری ئەم پڕۆژە گرنگە دەکەم، هیوادارم کوردستانمان هەمیشە ئاوەدان بێت و ئێوەش هەر سەربەرز و سەرفرازبن.