وەزارەتی بەرگری عێراق وادەی دەستبەکاربوونی لیوای 20ـی راگەیاند

وەزارەتی بەرگری عێراق لە بانگەوازێکدا داوای لەسەر جەم ئەندامانی لیوای 20ـی هاوبەش کردووە پەیوەندی بە بنکەکانی راهێنانەوە بکەن لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و دیالە.

رۆژی دووشەممە (27ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی بەرگری عێراق داوای کردووە، سەرجەم ئەندامانی لیوای 20ـی هاوبەش لە رۆژی 2ـی کانوونی یەکەمی 2023ـەوە پەیوەندی بە بنکەکانی راهێنانەوە بکەن لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و دیالە.

رۆژی شەممە (18ـی تشرینی دووەمی 2023) شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، “ئەمشەو لەگەڵ عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق لەبارەی لیوای 20 کۆبووینەوە و بڕیاردرا تەواوی گرفتەکان وەلابنرێن و فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەرچێت و مووچەی مانگی 12ـیان بۆ دەبەسترێت”.

پێشتر قارەمان شێخ كەمال، جێگری  سوپاسالاری پێشمەرگە بە كوردستان24ـی راگەیاندبوو، لە چوارچێوەی رێككەوتنی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ دروستكردنی دوو لیوای ھاوبەش وەزارەتی پێشمەرگە لیوای 20ـی ھاوبەشی بۆ ئەم مەبەستە دیاریكردووە، بۆ ئەوەی ئەم دوو لیوا ھاوبەشە پێكبھێندرێت، دەبێت بچنە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق دواتر لەگەڵ لیوایەكی دیكەی وەزارەتی بەرگری دوو لیوای ھاوبەشیان لێدروست دەكرێت، لە سنووری كەركووك و دەشتی مووسڵ و مەخموور و خانەقین جێگیردەكرێن.

هاوکات لە (27ـی ئابی 2023) عه‌مید هێمن حه‌سه‌ن، فه‌رمانده‌ی لیوای 20ـی هاوبه‌ش به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئه‌ركی ئه‌و دوو لیوا هاوبه‌شه‌ پاراستنی ناوچه‌ بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌كان و رێگریكردنه‌ له‌ داعش بۆ به‌كارهێنانی ئه‌و ناوچانه‌ وه‌ك مۆڵگه‌.

لە (25ـی حوزەیرانی 2023) سابت محەممەد عەباسی، وەزیری بەرگری عێراق، لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، پێکهێنانی لیوای 20ـی هاوبەشی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە یاسای بودجەی گشتی عێراق جێگیرکراوە و دوای بڵاوکردنەوەی یاساکە لە رۆژنامەی وەقائع، بە هەماهەنگی و کارکردن لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لیوای 20 پێکدەهێنن.

وەزیری بەرگری عێراق  هه‌روه‌ها گوتی: “لیوای 20، لیوایەکی تەواو هاوبەشە و یەکێکە لە پێشنیازەکانی نێو بودجەی گشتی عێراق و سوپاس بۆ خوا پێکهێنانی پەسەندکراوە بۆ ئەوە بە هەماهەنگی و کارکردن لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لیواکە پێکدەهێندرێت”.