ئەمڕۆ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی تری باڵای حکوومەتی فیدراڵیدا کۆببنەوە. ئامانجی ئەو سەردانە مووچە و هەناردەی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک پرسی تری هەڵواسراوی نێوان هەر دوو حکوومەتە.

پێشبینی دەکرێ تا کۆتایی ئەم هەفتەیە حکوومەتی عێراق دواین قەرزی حەوت سەد ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات کە بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە و دوای گەیشتنی بڕە پارەکە حکوومەت لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بکات.
لە چواردەی ئەیلوولی ئەمساڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر تایبەت بە بودجە و مووچە سەردانی بەغدای کرد، دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بڕی دوو تریلیۆن و سەد ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات کە بۆ ماوەی سێ مانگ بوو.
حکوومەتی عێراق دوو لەسەر سێی ئەو قەرزەی ناردووە و بەشێکی تری ماوە ڕەوانەی بکات. کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە کە بە هاتنی ئەم پشکەی قەرز هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ پێویستی بە بودجەی تر هەیە کە لە لایەن بەغداوە بۆی دابین بکرێت و یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵی بۆ سێ مانگی تر درێژ بکرێتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەفەرمی داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە دوو ترلیۆن و سەد ملیار دیناری تر بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات، بەڵام هێشتا بەغدا لەم بارەیەوە هیچ هەڵوێستێکی فەرمی نەبووە.
د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی شاندەکەی ئەمڕۆی حکوومەتی هەرێم دەکات و هەر یەک وەزیری دارایی و ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی تر لە هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ شاندەکەدان.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، دوێنێ بۆ میدیاکان باسی لەوە کرد کە ئامانجی سەرەکییان وەرگرتنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانە و لە ژێر ڕێنماییەکانی سەرۆکی حکوومەت هەوڵ دەدەن پارێزگاری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن.
پێویستە بگوترێ یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣،٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ لە دوازدەی حوزەیرانی ئەمساڵ لە پەرلەمانی عێراق پەسند کرا، کە بڕەکەی دەگەیشتە نزیکەی سەد و نەوەد و نۆ تریلیۆن دینار و پشکی هەرێمی کوردستان سەرووی شازدە تریلیۆن دینارە.
حکوومەتی عێراق تا ئێستە بودجەی فیعلی خەرج کردووە و بە لێکدانەوەکانی خۆی هەرێمی کوردستان پێشتر پشکی خۆی پێ بڕاوە لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان تەنیا سێ مانگ نەوتی فرۆشتووە و لە بیست و پێنجی ئادارەوە هەناردەی نەوتی وەستاوە کە بە سەریکترین داهاتی هەژمار دەکرێت.
دوای چەندان مانگ دانوستان هەر یەک لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەنانەت حکوومەتی تورکیا ڕەزامەندییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە بەڵام پرسی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دواین گرێکوێرەیە و لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی نەوتی عێراق سەردانی کوردستانی کرد و پێشتریش لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان کۆ بوونەوە بۆ ئەوەی مکانیزمێک بۆ مافەکانیان دیاری بکەن بەڵام هێشتا بە دەرەنجامی یەکلاکەرەوە نەگەیشتوون.
پێدەچێت هەر لە میانەی ئەو سەردانەی شاندی هەرێمی کوردستان وردەکاری زیاتر لەسەر دواین هەڵوێستی حکوومەتی عێراق وەرگیرێ لەبارەی ئەوەی بزانرێت ئەوان تاچەند دەتوانن تێچووی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دابین بکەن.
ئەگەر حکوومەتی عێراق ئەو تێچووە دابین بکات دەست بە هەناردەی نەوت دەکرێتەوە و لە لایەکی تر هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە هەمواری چەند بڕگەیەکی یاسای بودجە بکاتەوە بۆ ئەوەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کێشەکانی تر جیا بکرێتەوە و فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق مانگانە مووچەکانیان وەربگرن.